سەردێڕ:

پیسبوونی هەوا و مەترسییەکانی؛ ٩٩٪ـی مرۆڤایەتی هەوای پیس هەڵدەمژن

PM:03:48:11/06/2024

2912 جار خوێندراوەتەوە

پیسبوونی هەوا، فڕێدانی ماددە پیسکەرەکانە بۆ ناو هەوا، ئەو ماددە پیسکەرانەی کە بەگشتی زیانبەخشن بۆ تەندروستی مرۆڤ و هەسارەی زەوی. بەپێی رێخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە پیسبوونی ناوەکی و دەرەکی هەوا هۆکارە بۆ مردنی نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا.


لە ئێستادا ٩٩٪ـی مرۆڤایەتی ئەو هەوایە هەڵدەمژن کە سنووری رێنماییەکانی رێخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ ماددە پیسکەرەکان تێپەڕاندووە، ئەوانەشی کە لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەندان، زۆرترین نەهامەتی دەبینن.

لە ساڵی ١٩٧٠ یاسای هەوای پاک لە ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا جێگیر کرا، کە دەزگای پاراستنی ژینگەی ئەمریکای سەرپشک کرد بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی، لەڕێگەی جڵەوکردنی بڵاوبوونەوەی ئەم پیسەکەرە زیانبەخشانەی هەواوە.

چی دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا؟

جۆن واڵک، بەڕێوەبەری دەستەی هەوای پاک لە ئەنجومەنی بەرگری لە سامانە سروشتییەکان "ئێن ئاڕ دی سی" دەڵێت، "زۆربەی هەرە زۆری هەوای پیس لە بەکارهێنان و بەرهەمهێنانی وزەوە دێت." لە هەریەک لەم بارودۆخانەدا، سەرچاوەی سوتەمەنی بەکاردەهێنرێت و ماددەی کیمیایی زیانبەخش و گاز بە هەوادا بڵاو دەبێتەوە؛ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە پشتبەستن بە سووتەمەنی، بەکارهێنانی نەوت بۆ گەرمکردنەوەی ماڵ و بەڕێوەبردنی ئێستگەیەکی کارەبا بە بەکارهێنانی خەڵوزی بەردین.

کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا

لە ئێستادا، پیسبوونی هەوا چوارەم گەورەترین هۆکاری مەترسییە بۆ مردنی پێشوەختە لە جیهاندا. بەپێی راپۆرتی ساڵی ٢٠٢٠ـی ماڵپەڕی جیهانیی هەوا، کە نوێترین بۆچوونی زانستیی پیسبوونی هەوا لە تەواوی جیهاندا کورت دەکاتەوە، لە ساڵی ٢٠١٩دا، چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار حاڵەتی مردن پەیوەندیدار بوون بە بەرکەوتن بە پیسبوونی هەوای دەرەکییەوە (هەوای پیسی دەرەوەی ماڵ)، دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار حاڵەتی مردنیش، بەهۆی پیسبوونی هەوای ناوەکییەوە بووە(هەوای پیسی ناو ماڵ). قەرەباڵغترین وڵاتانی جیهان وەک چین و هندستان، بەردەوام زۆرترین بارگرانی نەخۆشییان لەسەرە.

ڤیجەی لیمەی، زانستکاری شارەزا لە ئۆفیسی زانستیی ئێن ئاڕ دی سی، روونی دەکاتەوە، "سەڕەڕای هەنگاونانی باشتر بەرامبەر کەمکردنەوەی تێکڕای رێژەی گشتیی مردن بەهۆی پیسبوونی هەواوە، ئەم راپۆرتە بیرخەرەوەیەکی هۆشیارکەرەوەیە کە بەشێوەیەکی بەرچاو گرفتەکانی کەشوهەوا مەترسین بۆ خراپترکردنی کێشەکانی پیسبوونی هەوا." بۆ نموونە: تەمومژ بە بەرزبوونەوەی گەرمی خەست دەبێتەوە و کاتێک پەیدا دەبێت، کە کەشوهەوا گەرمترە و دانەوەی تیشکی سەروبنەوشەیش زیاترە.

وێڕای ئەوەش، گۆڕانی کەشوهەوا خستنەڕووی پیسکەرە هەواییە هەستیارەکان پتر دەکات، کە کەڕوو (ئەویش لەسایەی کەشی شیدارەوەیە کە هۆکارەکەی کەش وهەوای توند و زیادبوونی لافاوە)، هەروەها دەنکەهەڵاڵەش لەخۆ دەگرێت (بەهۆی وەرزێکی دوور و درێژی دەنکەهەڵاڵەوە).

لیمەی ئەوەشی گووت: "هەروەها وشکەساڵی و کەشی وشک کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروست دەبن، زەمینە بۆ کەوتنەوەی ئاگری گەورەی مەترسیدار دەڕەخسێنن." دەشڵێت: "دووکەڵی ئاگری گەورە دەتوانێت بۆ چەند رۆژێک درێژە بکێشێت و سەدان میل بە ئاڕاستەی با، گەردیلەکانی هەوا بە گەردیلە ماددە پیس دەکات."

کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر جەستەی مرۆڤ بەپێی جۆری پیسی، درێژی، رێژەی بەرکەوتن و هۆکارەکانی تر دەگۆڕێت، کە مەترسییە تەندروستییەکانی خودی تاک و کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی چەند پیسییەک یان فشارکەرێکی تر لەخۆ دەگرێت.

تەمومژ و سیان

دوو جۆری باوی پیسبوونی هەوا هەن، تەمومژ-هەندێ کات گازی ئۆزۆنی سەر رووی زەوی پێ دەوترێت- کاتێک پەیدا دەبێت، کە ئەو گازە بڵاوبووانەی کە بەهۆی سووتانی خەڵوزی بەردینەوە دروست دەبن لەگەڵ تیشکی خۆردا کارلێک دەکەن. سیان، کە جۆرێکی گەردیلەی ماددەیە، لە گەردی بچووکی کیمیایی، خۆڵ، دوکەڵ، تۆز یان ماددە هەستیارەکان پێک دێت کە لە هەوادا هەن. سەرچاوەکانی تەمومژ و سیان هاوشێوەن. واڵک دەڵێت: "هەردووکیان لە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان، کارگەکان، وێستگەکانی کارەبا، سووتێنەرەکان، بزوێنەر، بەگشتی هەرشتێک کە خەڵوزی بەردینی وەکو خەڵووز، بەنزین، یان غازی سروشتی بسوتێنێت."

تەمومژ دەبێتە هۆی هەستیاریی چاو و قوڕگ، هەروەها زیان بە سییەکان دەگەیەنێت، بەتایبەتی لە منداڵان، هاوڵاتییە بەتەمەنەکان و ئەو کەسانەی کە لە دەرەوە کار یان وەرزش دەکەن. بگرە خراپترە بۆ ئەو کەسانەی کە رەبۆ یان هەستیارییان هەیە. ئەم پیسییە زیادانە دەکرێ نیشانەکانی هەستیارییان بەهێزتر بکەن و تووشی گوژمەی رەبۆ ببن. بچووکترین گەردە هەواییەکان بەتایبەتی لە سیاندا، مەترسیدارن، چوونکە دەتوانن بچنە ناو سییەکان و لوولەی خوێنەوە و هەوکردنی بۆڕی سییەکان خراپتر بکەن و ببنە هۆی سەکتەی دڵ و مردنی لەناکاو.

لە ساڵی ٢٠٢٠، راپۆرتێکی قوتابخانەی تەندروستیی گشتیی چان سینگ شی سەر بە زانکۆی هارڤارد، ئەوەی دەرخست، رێژەی مردن بە نەخۆشی کۆرۆنا، لەو ناوچانەی کە گەردیلە ماددەی پیسی زیاترییان تێدابووە، بەرزتر بووە لەچاو ئەو ناوچانەی کە تەنانەت تۆزێک کەمتر بوون، کە جۆرێک پێکەوەبەستراوی لە نێوان کوشندەیی ڤایرۆسەکە و بەرکەوتنی درێژخایەن بە پیسبوونی هەوا دەخاتە روو.

هەروەها، ئەم دۆزینەوانە تیشک دەخەنە سەر کێشەیەکی گرنگی یاسای ژینگەیی. چوونکە لەڕووی مێژووییەوە، رێگا گشتییەکان و کارگە پیسکەرەکان لەناو، یان لە تەنیشت گەڕەکە هەژار و کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکانەوە دروست کراون، بەشێوەیەکی لەڕادەبەدەر ئەو کەسانە ئەزموونی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم پیسبوونە دەکەن کە لەو کۆمەڵگایانەدان.

پیسکەرە هەواییە پڕمەترسییەکان

ژمارەیەک لە پیسکەرەکانی هەوا مەترسییەکی دژوار دەخەنە سەر تەندروستی و تەنانەت هەندێ کات بەبڕێکی کەمیش بێ دەکرێ کوشندە بن. بەپێی یاسا، نزیکەی ٢٠٠ دانە ماددەیان رێکخراون، هەندێک لە باوترینەکانیان بریتیین لە جیوە، قوڕقوشم، دایۆکسین و بێنزین. واڵک دەڵێت: "ئەمانەش زۆربەی کات لەکاتی سووتاندن و بەسووتوکردنی گاز یان خەڵووزدا دەردەدرێن، یان بێنزین کە لە سووتەمەنیدا دۆزراوەتەوە.

بێنزینلەلایەن دەزگای پاراستنی ژینگەییەوە وەکو ماددەیەکی شێرپەنجەیی پۆلێن کراوە، کە لە ماوەیەکی کورتخایەندا دەبێتە هۆی هەستیاری پێست و سی، لە ماوەیەکی درێژخایەنیشدا دەبێتە هۆی نەخۆشیەکانی خوێن. دایۆکسینەکان، بەشێوەیەکی ئاسایی زیاتر لە خواردندا هەن، کەچی لەهەمان کات دا بەبڕێکی کەم لە هەوادا بوونیان هەیە، جۆرێکی دیکەی ماددە شێرپەنجەییەکانە کە دەکرێ لەماوەی کورتخایەندا کار لە جگەر بکات و زیان بە سیستەمی بەرگری، کۆئەندامی دەمار، کوێرەرژێن و بەهەمان شێوە کردارە زاوزێیەکان بگەیەنێت.

جیوە، هێرش دەکاتە سەر ناوەندە کۆئەندامی دەمار. دەکرێ بەبڕێکی زۆر زیان بە مێشک و گورچیلەی منداڵان بگەیەنێت، تەنانەت کەمترین بەرکەوتنیش دەکرێ کار لە ئاستی زیرەکی و توانای فێربوونی منداڵان بکات.

جۆرێکی تری پێکهاتە ژەهراوییەکان، هایدرۆکاربۆنی ئارۆماتیکی فرەبازنەییە(PAH)، کە بەرهەمی دووکەڵی قەرەباڵغی هاتووچۆ و ئاگری گەورەیە. بەبڕی زۆر، هایدرۆکاربۆنی ئارۆماتیکی فرەبازنەیی(PAH)هۆکارە بۆ هەستیاری چاو و سییەکان، کێشەکانی خوێن و جگەر و تەنانەت شێرپەنجەش. لە توێژینەوەیەک دا ئەوە خراوەتە ڕوو، منداڵی ئەو دایکانەی کە لەکاتی دووگیانی دا بەرکەوتنیان لەگەڵ PAH-دا هەبووە، خێرایی چالاکی مێشکیان کەمتربووە و نیشانەی ئاشکرای زیاتری فرە جوڵەی(ADHD)یان بەدیارخستووە.

گازی خانووە پلاستیکیەکان

ئەم ماددە پیسکەرانەی کەشوهەوا، کە پەیوەستن بە ماددە پیسکەرە هەواییەکانی تری وەک تەمومژ و ماددە کیمیاییە پڕمەترسییەکانەوە، لە کاتێک دا کاریگەری راستەوخۆ یان دەستبەجێیان لەسەر جەستەی مرۆڤ نییە، بەڵام هێشتا بۆ تەندروستیمان زیانبەخشن. بە پەنگخواردنەوەی گەرمی لە بەرگەهەوای زەویدا، گازی خانووە پلاستیکیەکان، دەبنە هۆی پلەی گەرمی بەرزتر، کە لە ئەنجامدا سەر دەکێشن بۆ نیشانەکانی گۆڕانی کەش وهەوا، وەکو: بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان، کەش وهەوای سەختتر، گیانلەدەستدانی پەیوەست بە پلەی گەرمی و پەرەسەندنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمییەکان.

لە ساڵی ٢٠٢١، گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، بەنزیکەیی ٧٩٪ـی گازی بڵاوبووەوەی مەزەندەکراو و گازی میسانیش زیاد ١١٪ بووە.

واڵک دەڵێت: "گازی دووەم ئۆسیدی کاربۆن، لە سووتانی خەڵوزی بەردین و گازی میسانیش لە سەرچاوە سروشتی و پیشەسازییەکانەوە پەیدا دەبێت، کە ئەو بڕە زۆرەش لەخۆ دەگرێت کە لە کاتی لێدانی بیری نەوت و گازدا دەردەپەڕێت." دەشڵێت: "ئێمە بڕێکی زیاتری گازی دووەم ئۆسیدی کاربۆن بڵاو دەکەینەوە، بەڵام بەشێوەیەکی بەرچاو گازی میسان بەهێزترە، بەهەمان شێوە زۆریش وێرانکەرە.

جۆرێکی دیکەی گازی خانووە پلاستیکییەکان، کاربۆنە هایدرۆفلۆرۆرەکانە کە لە گلدانەوەی گەرمیدا، هەزار هێندەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەهێزترە. لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦دا، زیاد لە ١٤٠ وڵات رێکەوتننامەی کیگالییان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەم ماددە کیمیاییانە کە لە هەواگونجێن و ساردکەرەوەکاندا هەن و برەودان بە جێگرەوەی باشتر، واژۆ کرد. (لەساڵی ٢٠٢٢دا، ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی فەرمی چووە ناو رێکەوتننامەکەوە.)

دەنکەهەڵاڵە و کەڕوو

کەڕوو و ماددە هەستیارەکانی دار و گیای بێ سوود و گژوگیا، کە بەهەمان شێوە لە هەوادا بڵاوبوونەتەوە، بە گۆڕانی کەش وهەوا خراپتر دەبن و دەکرێت بۆ تەندروستی مەترسیدار بن. وێڕای ئەوەی کە رێک نەخراون، دەکرێت وەکو شێوەیەکی پیسبوونی هەوا لەقەڵم بدرێن. کیم نۆڵتن، پڕۆفیسۆری زانستە تەندروستییە ژینگەییەکان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا و زانای پێشووی ئێن ئاڕ دی سی، دەڵێت: "ئەو دەمەی خانوو، قوتابخانە و شوێنە بازرگانییەکان تەڕەشوع دەکەن، کەڕوو دەتوانێت گەشە بکات و پیسکەرە هەواییە هەستیارەکان دروست بکات."هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "بەرکەوتن بە کەڕوو، دەکرێت تەنگەنەفەسی لەناکاو، یان هەستیاری زیاد بکات، هاوکات هەندێک ژاراو دروست بکات، کە دەکرێت مەترسیدار بێت بۆ ئەوانەی هەڵی دەمژن."

هەستیارییەکانی دەنکەهەڵاڵە، بەهۆی گۆڕانی کەش وهەواوە خراپتر دەبن. نۆڵتن دەڵێت: "توێژینەوە تاقیگەیی و مەیدانییەکان ئەوە دەخەنە روو، ئەو رووەکانەی کە دەنکەهەڵاڵە بەرهەم دەهێنین، بەتایبەت رووەکی ڕاگوید، بە قەبارەی گەورەتر گەشە دەکەن و دەنکەهەڵاڵەی زیاتر بەرهەم دەهێنین کاتێک کە بڕی ئەو دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە زیاد دەکەیت کە تێیدا گەشە دەکەن. دەشڵێت: "بەهەمان شێوە گۆڕانی کەش وهەوا درێژە بە وەرزی بەرهەمهێنانی دەنکەهەڵاڵە دەدات. هەندێک توێژینەوە پێشنیازی ئەوە دەکەن کە رەنگە دەنکەهەڵاڵەی راگوید بۆ خۆی ببێت بە ماددەیەکی هەستیاری بەهێزتر".

ئەگەر وا بێت، ئەوا خەڵکی زیاتر بەدەست هەڵامەت، تا، چاوخوران و نیشانەکانی دیکەوە دەناڵێنن. هاوکات دەڵێت: " بۆ ئەو کەسانەشی کە هەڵگری هەستیاری و تەنگەنەفەسین، ئەوپەڕی وەرزی دەنکەهەڵاڵە دەکرێ تەنگەنەفەسی لەناکاو توند بکات کە کوشندەترن و دەکرێ مەترسی بن بۆ سەر ژیان.

پیسبوونی هەوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

بەپێی راپۆرتی باری هەوا لە سالی ٢٠٢٣ـی کۆمەڵەی سییەکانی ئەمریکا، زیاد لە یەک کەس لە سێ کەسی دانیشتوانی ئەمریکا کە بەنزیکی ١٢٠ ملیۆن کەس دەکات، لەو ناوچانەدا دەژین کە ئاستی پیسبوونی هەوایان ناتەندروستە. لەوکاتەوەی کە یەکەمجار لە ٢٠٠٠دا راپۆرتە ساڵانەکە بڵاوکرایەوە، دۆزینەوەکانی ئەوەیان دەرخستووە کە چۆن یاسای هەوای پاک توانیویەتی دەرپەڕیوە زیانبەخشەکانی گواستنەوە، وێستگەی کارەبا و بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە.

سەرەڕای ئەوەش، دۆزینەوەکانی ئەم دواییە ئەوە دەردەخەن کە چۆن ئاگری گەورە و پلەی گەرمای بەرز کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروست دەبن، دەچنە سەر گژنێکانی پاراستنی تەندروستی گشتی. نوێترین راپۆرت- کە تیشک دەخاتە سەر گازی ئۆزۆن، پیسبوونی تەنۆلکەکان لەدرێژایی ساڵ و ماوەی کورتخایەندا- ئەوەش دەخاتەڕوو کە خەڵکی فرەڕەنگ بەپێچەوانەی خەڵکی سپی پێستەوە، بەڕێژەی ٦١٪ زیاتر ئەگەری ژیانیان لە هەرێمێکدا هەیە کە لانیکەم پلەی شکستی لە یەکێک لەو پۆلانەدا هەیە. لەهەمان کاتدا، سێ هێندە زیاتری سپی پێستەکان ئەگەری ژیانیان لە هەرێمێکدا هەیە کە شکستی لە هەرسێ پۆلەکەدا هەیە.

لە پۆلێنبەندی هەریەک لە سێ جۆرەکەی پیسبوون کە لە راپۆرتی کۆمەڵەی سییەکانی ئەمریکا ئاماژەی پێ دراوە، لەلایەک شارەکانی کالیفۆرنیا، ریزبەندی سێ بەرزترین شوێن دەگرن (بۆ نموونە، لە پیسبووندا بەرزترین بوون)، ئەمە سەڕای ئەو بەرەوپێشچوونانەی کە ویلایەتی گۆڵدن لە نیو سەدەی رابردوودا لە کەمکردنەوەی دەرپڕیوەکانی پیسبوونی هەوادا کردوویەتی. لەکۆتایی لایەکی تری بەراوردکارییەکەدا، شارەکانی بێرلینگتن، ڤێرمنت؛ هۆنۆلولو؛ ویلمنگتن و کارۆلینای باکوور، لەنێو کالیفۆڕنیادا بەباشترین شارەکان لەڕووی چۆنایەتی هەواوە دادەنرێن.

پیسبوونی هەوا و یاسای ژینگەیی

هیچ کەس نایەوێت لە نزیک زبڵ سووت، پاڵاوگەی نەوت، بەندەر، پاشماوەی زبڵی ژەهرین، یان ناوچەی تری پیسبوودا بژی. لەگەڵ ئەوەشدا، ملیۆنان کەس لە تەواوی جیهاندا لەو ناوچانەدا دەژین، ئەمەش مەترسی توشبوونیان بە نەخۆشیەکانی هەناسەدان، دڵ و شاخوێنبەرەکان، تێکشکانی دەماری، شێرپەنجە و تەنانەت مردنیش زۆر زیاتر دەکات. بەپێی کۆمەڵەی سییەکانی ئەمەریکا، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، خەڵکە فرەڕەنگەکان ئەگەری ژیانیان لەو ناوچانەی کە چۆنایەتی هەوایان خراپە، ئەوەندە و نیوێک زیاترە لە سپیپێستەکان.

لە رووی مێژووییەوە، یاساکانی ناوچەگەری رەگەزپەرستی و شێوازەکانی قەرزی جیاکاری کە بە کێشانی هێڵی سوور ناسراوە، بۆ دوورخستنەوەی پیشەسازییە پیسکەرەکان و رێگا سەرەکییە جەنجاڵەکان لە گەڕەکە سپیپێستەکان یەکیان گرتووە و و ناوچە پەراوێزخراوەکان، چینی کرێکار و کەم داهاتەکانیان کردووە بە ناوچەی قوربانی، کە لەنێویاندا دانیشتووان بە ناچاری هەوای پیس هەڵدەمژن و بەدەست ئەو نەخۆشییە زۆرانەی کە پەیوەندیدارن بە پیسی هەواوە، نەهامەتی دەچێژن. سەرباری زیادبوونی ئەو مەترسییە تەندروسییانەی کە بەهۆی ژیان لەم ناوچانەدا پەیدا دەبن، لەڕووی ئابوورییەوە، هەوای پیس دەتوانێت لە مژاری نەچوونە سەر کار و تێچووی زیاتری پزیشکییەوە زیان بە دانیشتووان بگەیەنێت.

رەگەزپەرستیی ژینگەیی، بەتەنها لە شار و ناوچە پیشەسازییەکاندا نییە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کرێکارە کێڵگەییەکان، بە سێ ملیۆن کۆچبەر و کرێکاری وەرزیی کێڵگەیی خەمڵێنراوەوە، لەنێو ئەو کەسانەدان کە زۆرترین زیانیان بەهۆی پیسبوونی هەواوە بەرکەوتووە. کەمترین کەرەستەشیان لەبەردەستدایە، تاکوو لە رووی سیاسییەوە فشار بخەنە سەر خاوەن کار و یاسادانەران و مافی خۆیان بۆ دەستخستنی هەوای پاک پشتڕاس بکەنەوە.

لەم دواییانەدا، کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی نەخشەسازی، کە داتا بۆ بارودۆخە ژینگەییەکان و پێکهاتەی دانیشتووان بەکاردەهێنێت، توانیوێتی ئەوە ئاشکرا بکات کە چۆن هەندێک لە کۆمەڵگاکان بەهۆی کێشە جۆراوجۆرەکانەوە لە ژێر باری قورسی وەکوو بەرزی ئاستی هەژاری و بێکاری و پیسبوونی هەوادان. ئامرازەکانی وەکوو رێگای سەرژمێریی یاسای ژینگەیی و ئیجەی سکرینی دەزگای پاراستنی ژینگەیی، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە زۆرێک لە کۆمەڵگە یاساییە ژینگەییەکان ماوەی دەیان ساڵە روونیان کردوونەتەوە: کە پێویستمان بە بەکارهێنانی زەوی و چاکسازی تەندروستیی گشتی هەیە تاوەکوو دڵنیابینەوە لەوەی ناوچە لاوازەکان بارگرانییان لەسەر نییە، ئەو کەسانەشی کە زۆرترین پێویستییان بە سەرچاوەکان هەیە بە دەستیان دەگات.

جڵەوکردنی پیسبوونی هەوا

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ساڵی ١٩٧٠ـوە دەقی یاسای هەوای پاک ئامرازێکی گرنگ بووە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا. هەرچەندە زۆرجار خوازیارانی خەڵووزی بەردین، کە لەلایەن یاسادانەرانی دۆستی پیشەسازییەوە پشتگیری دەکرێن، هەوڵیان داوە رێکارە زۆرەکانی یاسای پاراستنی هەوای پاک بۆ پاراستنی ژینگە لاواز بکەن. دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەم یاسا ژینگە بنچینەییە بە باشی بمێنێتەوە و پەیڕەویش بکرێت، هەمیشە رێگایەک دەبێت بۆ پاراستن و گەشەدان بە چۆنایەتی هەواکەمان.

بەڵام باشترین و کاریگەرترین رێگا بۆ جڵەوکردنی پیسبوونی هەوا، خێراکردنی هەگاونانمانە بەرەو سووتەمەنی و پێواژۆی پیشەسازی خاوێنتر. بە پشت بەستن بە سەرچاوەی وزەی بێکۆتای وەکوو وزەی هەوا و خۆر و کەمکردنەوەی تەواوی ئەو سووتەمەنییەی کە ئۆتۆمبێلەکانمان دەیسوتێنن و دانانی زیاتر و زیاتری وەشانە کارەباییەکان لەجێی ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرانەی کە بە بەنزین ئیش دەکەن، لە بنچینەوە سنوور بۆ پیسبوونی هەوا دادەنێین. ئەمە لەکاتێکدا جڵەوی گەرمبوونی جیهانیش دەکەین، کە وا دەکات زۆربەی کاریگەرییە خراپەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستی زێدەتر بن.

چی لەبارەی تێچووی ئابووریی جڵەوکردنی پیسبوونی هەواوە؟

بەپێی راپۆرتێکی یاسای هەوای پاک، کە لە لایەن ئێن ئاڕ دی سییەوە نوێنەرایەتی کراوە، سوودەکانی هەوای پاک، ساڵانە ٣٢ جار زیاترە لە تێچووی جڵەوکردنی پاکی هەوا. لەو سوودانەش، دەبێتە هۆی خۆپاراستن لە زیاتر لە ٣٧٠ هەزار مردنی پێشوەختە و کەمتر لە ١٨٩ هەزار کەسیش بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناسەدانەوە لە نەخۆشخانە وەردەگیرێن، ساڵانەش سێ تریلیۆن و ٨٠٠ ملیار دۆلار زیاتر سوودی بۆ ئابووری ئەمەریکا هەیە.

چۆن یارمەتیدەر بین بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا

واڵک ئەوە دەخاتەڕوو: ''هەتا کەمتر سووتەمەنی بەکاربێنین، باشتر پیسبوونی هەوا و کاریگەرییە بەزیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەم دەکەینەوە''. دەشڵێت: ''کە بڕیاری دروست لەسەر هۆیەکانی گواستنەوە بدرێت. هەر کاتێک پێتکرا پاسکیلسواری، پیادەڕەوی، یان هۆیەکی گواستنەوەی گشتی بەکاربێنە. لە شۆفێریکردندا، ئۆتۆمبێلێک هەڵبژێرە کە بۆ هەر دەبەیەک سوتەمەنی، میلی زیاتر ببڕێت، یان ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی بکڕە''. هەروەها دەتوانیت بەدواداچوون لەسەر بژاردەکانت بۆ سەرچاوەکانی وزە بکەیت – ڕەنگە بتوانیت داوا بکەیت کارەباکەت لە ڕێگەی با، یان تیشکی خۆرەوە دابین بکرێت. ئەگەر خواردنەکانت لە ناوخۆدا بکڕیت، ئەو خەڵووزە بەردینە کەم دەبێتەوە کە بۆ هاوەردەکردنی بەرهەمەکان لە تەواوی جیهاندا بەکاردەهێنرێت. هەروەها، لە هەمووی گرنگتر واڵک دەڵێت: '' پشتیوانی ئەو ڕێبەرانە بکرێت کە بۆ ئاو و هەوای پاک و هەنگاوی بەرپرسیارانە لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا، فشار دروست دەکەن."

والک دەڵێت: "کاتێک لە هەواڵەکاندا دەبینیت، یان لە ڕاپۆرتێکی کەش وهەوادا دەبیستیت کە ئاستی پیسبوون بەرزە، وا باشترە کاتەکانی چوونەدەرەوەی منداڵان، یان ڕاکردنت سنووردار بکەیت". بەگشتیش، ئاستی گازی ئۆزۆن لە بەیانیاندا نزمترە.

-ئەگەر لە دەرەوە ڕاهێنان دەکەیت، تا دەتوانیت لە شەقامە زۆر قەرەباڵەغەکان دوور بە. پاشان بۆ ئەوەی گەردیلە زۆر وردەکان لابچن، خۆت و جلەکانت بشۆ.

-ڕەنگە هەوا پاک دەرکەوێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە بەدەرە لە پیسی. بۆ زانینی تازەترین دۆخی هەوا، سوود لە ئامرازەکانی وەک چاودێری هەوای پیسی ئی پی ئەی و ئێرناو ببینە. ئەگەر چۆنایەتی هەوا خراپ بوو، لە ژوورەوە بمێنەرەوە و پەنجەرەکان دابخە.

-ئەگەر لە ناوچەیەکدا دەژیت، یان کاردەکەیت کە ئەگەری ئاگری گەورەی تێدا هەیە، چەنێک دەتوانیت خۆت لە دووکەڵە زیانبەخشەکەی بەدوور بگرە. کاتێک کە دۆخی هەوا خراپە، هەبوونی ژمارەیەکی کەمی دەمامکی هەڵگیراو بۆ بەستن لەبەر چاو بگرە. گونجاوترین دەمامک بۆ گەردیلەی دووکەڵ ناوی "NIOSH" ی لێ دراوە، کە کورتکراوەیە بۆ "پەیمانگای نیشتیمانی بۆ سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی"، هاوکات "ئێن ٩٥" یان "پی ١٠٠"ی لەسەر نووسراوە.

-ئەگەر لەو کاتانەی دۆخی پیسی دەرەوە خراپە ڕێکخەری هەوا بەکاردێنیت، بۆ سنووردارکردنی ڕێژەی ئەو هەوا پیسەی کە دێتە ژوورەوە، باری هەواگۆرکێ بەکاربهێنە.

پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤایەتی

نوسینی: جولیان مەکەنزی، جێف تۆرنتین

وەرگێڕدراوە لەلایەن:

نیا تەها

شاسوار جەلال

محەمەد مەریوان


 













گەلەری