سەردێڕ:

وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بەردەوامە

PM:12:47:11/06/2024

31436 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بەردەوامە.


ئەو چاوگە باسی لەوەشکرد، چاوەڕوانی ئەوەن وردبینی لە لیستی مووچەدا تەواو ببێت و لیستەکە بۆ وەزیری دارایی عێراق بنێرێت بە مەبەستی واژۆکردنی.

ئەوەشی خستەڕوو، هەرکات تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق واژۆی کۆتایی لەسەر لیستەکە کرد، ئەوا راستەوخۆ دەستدەکرێت بە پارەدارکردنی وەزارەتی دارایی هەرێم بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای زیاتر لە دوو مانگ، لە کۆتاییدا و دوای ئەوەی بەغدا هەرێمی ناچار کرد لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی بە ناو بۆ بنێرێت، دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی نیسانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمیان داوە.

باسی لەوەشکرد، هەوڵیشدەدەن مووچەی مانگی پێنیجشیان بەر لە جەژن بۆ خەرج بکەن.

پێشتر بەغدا هۆکاری نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە، لیستی مووچەکانیان ناڕوونە و داوای دەکرد، ناو و زانیاری و پلە و ماوەی خزمەتی مووچەخۆرەکانیان بە تەواوی بۆ بنێرن و بە کۆد بۆیان نەنێرن، هەرێمیش بەو داوایەی بەغدا رازی نەدەبوو.

لەکۆتاییشدا لە ٧ی ئەم مانگەدا، دوای دوو مانگ دواخستن؛ بەغدا حکومەتی کاربەڕێکەری ناچار کرد لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان بە ناو ئامادە بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لە نووسراوێکدا سەرۆکایەتی دیوانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم داوای لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ کرد، لیستی مووچە بە ناو ئامادە بکەن و رادەستی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی بکەن بەمەبەستی رادەستکردنی بە دیوانی چاودێری دارایی عێراق.













گەلەری