سەردێڕ:

بانکی ناوەندی بۆ ئێن ئاڕ تی: پشتبەستن بە کارتی بانکی لە بەرزبوونەوەدایە

PM:03:08:07/06/2024

1196 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئاستی پشتبەستنی هاوڵاتیان بە کارتی بانکی و سەکۆی ئەلیکترۆنی گەیشتووەتە ٤٠٪ـی دانیشتوانی عێراق. دەشڵێت، "لە ئێستادا نزیکی ٢٠ ملیۆن هاوڵاتی کارتی بانکی بەکاردەهینێت".


ئەمڕۆ هەینی، چاوگێکی ئاگادار لە بانکی ناوەندی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەی بانکەکان لە ناو هاوڵاتیان و پشتپێبەستنیان بە مامەڵە داراییە ئەلیکترۆنییەکان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین رێکار لەلایەن بانکەکەوە گیراونەتەبەر.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئاستی گەشەی بەکارهێنەرانی کارتی بانکی ساڵی٢٠١٨ـەوە بەرێژەی ١١٠٪ زیادیکردووە و لە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هەژمارەوە بەرزبووەتەوە بۆ ١٣ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار هەژماری بانکی تاکەکەسی.

باسی لەوەش کرد، بەتێکرا لەلایەن ١٩ ملیۆن و ٨٥٧ هەزار و ٣٧٨ هاوڵاتییەوە مامەڵە داراییەکان لەرێگای سەکۆ ئەلیکترۆنییەکانەوە ئەنجادەدرێت، کە ئەوەش بەرامبەرە بە ٣٧.٣٪ـی ژمارەی دانیشتوانی عێراق.

ئەوەشی خستە روو، لەگەڵ فراوانبوونی کەرتی بانکیدا سەرجەم مامەڵەداراییەکان لە دۆلارەوە گۆڕدران بۆ دینار و لە نەختینەوەش بۆ سەکۆی ئەلیکترۆنی، کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سەرپەرشتی گەشەی کەرتی بانکی کراوە. وتیشی، "پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ ئاستی پشتپێبەستن بەرزبێتەوە بۆ ٦٠٪ـی دانیشتوان".

ئەوەش لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندی رایگەیاندبوو بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ ئاستی پشتپێبەستنی هاوڵاتیان بە کارتی بانکی و بانکەکان بە رێژەی ٢٢٪ گەشەی بەخۆیەوە بینیوە، و بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ـش بە رێژەی ١١٠٪ گەشەی بەخۆیەوە دیووە، لە هەشت ملیۆن بەکارهێنەرەوە گەیشتووەتە ١٩ ملیۆن بەکارهێنەر.













گەلەری