سەردێڕ:

یونیسێف: شەڕی ناوخۆی سودان بووەتە مەترسی گەورە بۆسەر منداڵان

AM:08:23:07/06/2024

1200 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکەوە بۆسەر گوندی ود ئەلنورە لە سودان ٣٥ منداڵ کوژران و ٢٠ـی دیکەش بریندار بوون. دەشڵێت، بەهۆی شەڕی ناوخۆوە مەترسی لەسەر منداڵانی سودان هەیە.


کاسرین راسل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی هێرشێکەوە بۆسەر گوندی ود ئەلنورە لە سودان ٣٥ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ـی دیکەش بریندار بوون و ئامارەکان لە زیاندبووندان. دەشڵێت، "هەست بە ترس دەکەم لە کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی منداڵ لە سودان".

باسی لەوەش کرد، منداڵانی سودان بە بریندار بوون و کوژرانیان باجی توندوتیژی و تاڵانکارییەکانی جەنگ دەدەن و لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکی جەنگدا، هەزاران منداڵانی سودان رووبەڕووی کوشتن و کارپێکردن و دەستدرێژی و چەندان جۆری توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە.

ئەوەشی خستە روو، پێویستە دەستبەجێ شەڕی ناوخۆی سودان بوەستێنرێت و ئاسانکاری بکرێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە هاوکارییە مرۆییەکان و پاراستنی گیان و مافی منداڵان دەستەبەر بکرێت.

کاسرین راسل لە راگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە هێرشەکەی سەر گوندی ود ئەلنوردا بە گشتی ١٨٠ کەس کوژراون. لایخۆشییەوە، هێزی پاڵپشتی خێرا کە تۆمەتبار دەکرێت بە هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، تۆمەتەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند، هیچ هێرشێکیان نەکردووەتە سەر ئەو گوندە.

لە ١٥ـی نیسانی ساڵی رابردووەوە شەڕی ناوخۆ لە سودان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پاڵپشتی خێرا لەسەر دامەزراندنی سەربازانی پاڵپشتی خێرا وەک بەشێک لە سوپا کێشە لەنیوان سەرۆکانی سوپا و هێزی پاڵپشتی خێرا دروست بوو بەهۆیەوە شەڕ هەڵگیرسا و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.













گەلەری