سەردێڕ:

بەهۆی شەپۆلی گەرماوە ٢١٩ کەس لە هیندستان گیانیان لەدەستداوە

PM:03:52:04/06/2024

1004 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە سەرەتای مانگی رابردووەوە رووی لە هیندستان کردووە، ٢١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.


لە سەرەتای مانگی رابردووەوە شەپۆلێکی گەرمای توند رووی لە چەند ناوچەیەکی هیندستان کردووە و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە. بەجۆریک، پلەی گەرمای دەلهی پایتەخت، گەیشتە ٥٣ پلەی سیلیزی. میدیاکانی ئەو وڵاتەش باس لەوە دەکەن، لە ماوەی ١٢٠ ساڵی رابردوودا، پلەکانی گەرما بەو جۆرە بەرز نەبوونەتەوە.

بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەوە، تا ئێستا ٢١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٤٧ کەسیان لە ویلایەتی ئۆدیشای رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بوون و زیاتر لە ٢٥ هەزار کەسیش بەهۆی کاریگەری گەرماکەوە تەندروستییان تێک چووە و بەشێکی زۆریان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

لەوبارەیەوە، کەشناسیی هیندستان هۆشداری توندی داوە و لە راگەیەنراوێکدا داوا لە خەڵکی وڵاتەکە دەکات، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، ماڵەکانیان بەجێ نەهێڵن.

وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکەش، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەوە پشووی فەرمی راگەیاندووە لە قوتابخانەکان.

هەرچەندە ئێستا لە هیندستان بە وەرزی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ناسراوە، بەڵام شارەزایانی کەشناسی رایانگەیاندووە، ئەو شەپۆلە بەشێکە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.













گەلەری