سەردێڕ:

نرخی دۆلار بەردەوامە لە دابەزین

PM:03:21:04/06/2024

43784 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بۆ ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٧٨ ملیۆن دۆلاریان بە بازرگانان و گەشتیاران فرۆشتووە. لە ئێستاشدا لە بازاڕەکانی هەرێم، ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤٥ هەزار و ٣٠٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، کە بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکان، ٧٠٠ دینار دابەزیوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکان لە هەرێم، ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام لە ئێستادا نرخی ١٠٠ دۆلار ١٤٥ هەزار و ٣٠٠ دینارە.

هاوکات، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەکۆی ئەلیکترۆنی تایبەت بە فرۆشی دۆلار بڵاوی کردەوە، بۆ ئەمڕۆ بڕی ٢٧٨ ملیۆن و ٨٨٣ هەزار و ٣٨٨ دۆلاریان فرۆشتووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو بڕە ٢٥٥ ملیۆن و ٥١٣ هەزار و ٣٨٨ دۆلاری بە شێوەی کاش و ٢٣ ملیۆن و ٣٢٠ هەزار دۆلاری بە شێوەی حەواڵە بووە.

پێشتر، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەگەڵ پابەندبوونی بانکەکاندا دەستدەکرێت بە بەرزکردنەوەی ئاستی فرۆش و دابینکردنی سەکۆکانی تایبەت بە بازاڕی ناوخۆ کە سەرجەم مامەڵە داراییەکانیان لە رێگای دینارەوە دەبێت. وتیشی، "عێراق هەوڵدەدات کە پشتپێبەستنی ناوخۆ بە دینار بەرزتربکاتەوە لەوەی لە ئێستادا هەیە بەوەش نرخی دۆلار لەمەودوا بەرزبوونەوە بە خۆیەوە نابینێت".













گەلەری