سەردێڕ:

چین لە رێگەی مانگی دەستکردەوە شەقامەکانی رووناک دەکاتەوە

PM:03:36:30/05/2024

2704 جار خوێندراوەتەوە

لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا چین مانگێکی دەستکردی بۆ تاقیکردنەوە رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە، بە ئامانجی ئەوەی بۆ رووناککردنەوەی شەقامی شارە قەرەباڵغەکان بەکاری بهێنێت و خەرجى کارەبا لەسەر حکومەت کەم بکاتەوە.


مانگە دەستکردەکە وەک تەواوکەرێک بۆ رووناکی گڵۆپی سەر دارتێلی شەقامەکان و کەمکردنەوەی خەرجی وزەی کارەبا و لە شێوەی مانگی راستەقینەدا دیزاین کراوە، کە ماددەی هەستیار و تیشکدەرەوەی بەهێزی تیادا بەکارهێنراوە تا وەک پێویست رووناکی بداتەوە.

مانگە دەستکردەکە کە ناوی (مانگی درەوشاوە)ـی لێ نراوە، لە خولگەی تایبەت بەخۆی دانراوە لە ئاسمانی چین و لە حاڵەتی توێژینەوە و تاقیکردنەوەدایە بەر لەوەی بە شێوەی ئەزمونی بخرێتە کار.

شێوازی کارکردنی مانگە دەستکردەکە، بە هەمان شێوەی مانگی راستەقینە دەبێت کە وەک ئەو تیشکی خۆر پێچەوانەی زەوی دەکاتەوە، بەڵام بۆ ناوچەیەکی بچوکی دیاریکراو.

هاوکات، بڕیارە بۆ یەکەمجار دانیشتوانی شاری (چێنگدۆ) لە هەرێمی (سیشوان) لە چین کە نزیکەی ١٥ ملیۆن کەس تیایدا دەژین، سوود لە رووناکی مانگەکە ببینن لە کاتی شەودا.

پێشبینی کراوە مانگە دەستکردەکە نزیکەی ٨٠ کیلۆمەتر دوجا زەوی ژێر خۆی رووناک بکاتەوە، بەوەش لە شەودا خەڵک و شۆفێرانی ئەو ناوچەیە چیتر پێویستیان بە گڵۆپی سەر شەقەمان نەبێت.

لەو چوارچێوەیەدا پێشبینی کراوە بەو پرۆژە و داهێنانە تەکنەلۆژییە خەرجی سەر ئەستۆی حکومەتی (چێنگدۆ) بە بڕی ١٧٣ ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا کەم ببێتەوە، ئەوەش بەو مەرجەی ئامێرەکە بەو شێوەیە کار بکات کە پلانی بۆ داڕێژراوە.

پرۆژەکە لە چوارچێوەی پلانێکی حکومەتی بەیجین دێت بۆ سودوەرگرتن لە مانگی دەستکرد، بە مەبەستی پێدانی رووناکی لە شەواندا کە لەلایەن کۆمپانیایەک بۆ زانستی ئاسمانی و تەکنەلۆژیا جێبەجێ دەکرێت.

هەرچی رەخنەگرانی پڕۆژەکەیە دڵنیا نین لە ئاستی کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە، بە تایبەتی لەسەر شێوازی ژیانی هەندێک لە باڵندە و گیانداران، بەڵام لایەنگرانی پرۆژەکە بە پێویستی دەزانن مانگە دەستکردەکە و ئەو مانگانەی دیکەش کە هاوشێوەی ئەون تێچووی کارەبا لەسەر زەوی کەمبکەنەوە.













گەلەری