سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی بۆ ئێن ئاڕ تی: بانکەکان بەردەوامدەبن لە پێدانی قەرز

AM:09:32:25/05/2024

3828 جار خوێندراوەتەوە

عێراق هەوڵدەدات بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی ئابووری، ژێرخانی داهاتی تاک بەرێژەی ٥٪ی ساڵانە لە رێگای پێدانی قەرزی بچوک بەرز بکاتەوە، بەتایبەت بۆ بەکارخستنی پڕۆژە بچوکەکان. بۆ ئەو مەبەستەش بانکەکان دەستیان بە پێدانی قەرزکردووە و بەردەوامیش دەبن لە پێدانی قەرز بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی.


ئەمڕۆ شەممە، مەزهەر ساڵح، راوێژکاری ئابووریی و دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەوڵدەدەن گۆڕانکاری لە سیستمی ئابووری و دارایی عێراقدا بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش بانکی نێودەوڵەتی هاوکاریان دەبێت لە رێکخستن و راویژکردنی بانکەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هاوکارییانەش وادەکەن کە بازنەی ئابووری لەم قۆناغەی ئێستا بەرەوە بازنەیەکی چالاکتر بگۆڕدرێت، هەر بۆیە بانکەکان ئاراستەکراون لەژێر رێنمایی و پشتبەستن بە ماددەکانی بودجە پەیوەست بە قەرزی ناوخۆ، دەست بەپێدانی قەرزی بچوک و قەرزی پرۆژەکان بکەنەوە. 

باسی لەوەش کرد، لە پێدانی قەرزدا ئامانجی سەرەکیان گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ بانکەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی تاک بەرێژەی ٥٪ـی تێکڕای داهاتی ساڵانەی. وتیشی، "دەمانەوێت بە پێدانی قەرز؛ سەرجەم هاوڵاتییان کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقین بتوانن دەستبە پرۆژەی بچوک بکەن، چونکە ئەمە دەبێتە یەکەم هەنگاوی بوژاندنەوەی ئابووری".

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، خەرجییەکانی بودجەی ئەمساڵی عێراق تایبەت دەبێت بە وەبەرهێنان لە کەرتی ئابووری و گەشتیاری لەسەرجەم ناوچە جیاوازەکان کە هاوکار دەبێت لە رەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە عێراقدا.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە کاروباری بە دیجیتاڵکردن و مۆڵەتی بەدیجیتاڵکردن رایگەیاند، سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنییان لە عێراق پەسەند کردووە، ئەوەش دەبێتە هۆی پێشکەوتنی کەرتی دارایی لە عێراق و هەنگاوێکە بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی دارایی وڵات.
هێڤیدار شعبان - دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی 













گەلەری