سەردێڕ:

گۆڤارێکی بەریتانی: گەرمبوونى زەوى چارەسەر نەکرێت ٣٨ ترلیۆن دۆلار زیانى لێدەکەوێتەوە

PM:09:32:24/05/2024

1796 جار خوێندراوەتەوە

زەوى لە گەرمبوونەوە گەیشتە پلەى کوڵان و گۆڤارێکى نێودەوڵەتیش هۆشدارى توند دەدات مرۆڤایەتى لەبەردەم هەڕەشەیەکى جدیدایە و سەربارى زیانە مرۆییەکان، پێشبینى زیانى دەیان ترلیۆن دیناریش دەکرێت، ئەگەر وڵاتان لە ئاست گەرمبوونى زەوییدا بێ کردار بمێننەوە.


سەرباری ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ دابەزاندنی رێژەی دەرچوونی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، هێشتا لە کرداردا هەنگاو بۆ جێبەجێکردنى پاراستنى زەوى نانرێت.

بەپێی توێژینەوەیەک کە گۆڤاری (نەیچەر)ـی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی جیهان تا ساڵی ٢٠٥٠ بە قەبارەی نزیکەی ٣٨ ترلیۆن دۆلار دادەبەزێنێت، کە دەکاتە نزیکەی رێژەی ٢٠٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان.

توێژینەوەکە پێشبینی کردووە، تا ساڵی ٢٠٥٠ داهاتی فەڕەنسا بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە بە رێژەی ١٣٪ ، هەروەها داهاتی هەریەک لە ئەڵمانیا و ئەمریکا بە رێژەی ١١٪ کەم بکات. توێژەرانیش ئەو داتا ئابورییەیانەیان لە دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ لە توێژینەوە بەردەست کەوتووە کە هەزار و ٦٠٠ ناوچەی لەخۆگرتووە .

لەلایەکی دیکەوە توێژینەوەکان دەریان خستووە، زیانە ئابوورییەکانی پەنگخواردنەوەی گەرمی زەوی شەش هێندە خراپترە لەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە، پێشبینی دەکرێت بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی ئابوورى زۆر وڵات دابڕمێنێت.

لە شۆڕشی پیشەسازییەوە تا ئێستا گەرمی جیهان زیاتر لە یەک پلەی سەدی زیادی کردووە و ئامانجی سەرەکی رێککەوتنی پاریس کە ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان وڵاتانی جیهان واژۆکرا، سنوردارکردنی پلەی گەرمی زەوییە لە رێگەی پشت بەستن بەو سەرچاوانەی وزە کە دۆستی ژینگەن. بەڵام تائێستا زۆرێک لە وڵاتە گەرورەکان وەک پێویست پابەندى رێککەوتنەکە نین.

پسپۆڕانى کەشناسی جەخت دەکەنەوە لەوەی کە دەبێت بەشێوەیەکی بەرچاو گازە کاربۆنییەکان لە بەرگەهەوا کەمبکرێتەوە بەر لەوەی جیهان دووچاری کارەساتی کەشوهەوا ببێتەوە، هەروەها نەهێڵدرێت ئاستی گەرمبوونی زەوی لە ١.٥ پلەی سەدی تێپەڕبکات و بگاتە دوو پلەی سەدی، چونکە ئەگەر بگاتە ئەو ئاستە کۆنتڕۆڵ ناکرێت و ژیانى مرۆڤایەتى دەکەوێتە مەترسی گەورەوە.














گەلەری