سەردێڕ:

بانکی رەشید فرۆشتنی دۆلاری بە نرخی فەرمی بۆ حاجییان راگەیاند

PM:06:01:21/05/2024

1256 جار خوێندراوەتەوە

بانکی رەشید بڵاوی کردەوە، کۆمەڵیک لقی بانکەکەیان راسپاردووە بۆ ئەوەی دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە ١٣٢ هەزار دینارە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک بە حاجییان بفرۆشن. دەشڵێت، بڕی ئەو دۆلارەی بە حاجییان دەفرۆشرێت هاوشێوەی گەشتیارانی دیکە سێ هەزار دۆلار.


ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی رەشید بڵاوی کردەوە، بەبۆنەی وەرزی حەجی ئەمساڵەوە کۆمەڵێک لقی بانکەکەیان راسپاردووە بۆ ئەوەی دۆلار بەتایبەتی بە حاجییان بفرۆشن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕی ئەو دۆلارەی بە حاجییان دەفرۆشرێت هاوشێوەی گەشتیارانی دیکە سێ هەزار دۆلار دەبێت بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک.

ئەوەشی خستووەتە روو، فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی تەواوی حاجییان دەگرێتەوە چی بە رێگەی وشکانی یاخود ئاسمانی گەشت بکەن، هەروەها لە رێگەی ئەلیکترۆنیەوە پێشوەختە داوای بڕی دۆلار دەکرێت و دواتر لەو لقەی زانیارییەکانی تێدا تۆمار کراوە دۆلاریان پێ دەفرۆشرێت.

پێشتر، چاوگێک لە بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەلایەن بانکی ناوەندییەوە سەرجەم بانکەکانی پەیوەست بە سەکۆی ئەلیکترۆنی فرۆشتنەوەی دۆلار ئاگادارکراونەتەوە کە ئاسانکاری بۆ حاجیان بکەن لە دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری کاش. وتیشی، " هەر حاجییەک دەتوانێت بە پێی پێویستی تا سێ هەزار دۆلار داواکاری پێشکەش بکات بۆ وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی".













گەلەری