سەردێڕ:

لە پێنج بواری جیاوازدا؛ روسیا و چین ١٠ رێککەوتنیان واژۆ کرد

PM:06:30:18/05/2024

1780 جار خوێندراوەتەوە

سەردانە دوو رۆژییەکەی سەرۆکی روسیا بۆ چین کۆتایی هات کە تیایدا واژۆ لەسەر ١٠ رێککەوتن کرا لە بوارەکانی وزە، ئابووری، بازرگانی، بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.


بۆ ماوەی دوو رۆژ، هەردوو سەرۆکی روسیا و چین لە شاری پەکین زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، کە پرسە دووقۆڵی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی لەخۆگرتبوو، کرۆکی گفتوگۆکانیش، جەنگی ئۆکرانیا و دۆخی ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون.

ڤلادیمێر پوتین و شین جین پینگ لە بەیاننامەیەکدا هاوبەشیی ستراتیژیی سەرتاسەرییان راگەیاند کە تیایدا واژۆ لەسەر ١٠ رێککەوتنی جۆراوجۆر کرا لە بوارەکانی وزە، ئابوری، بازرگانی، بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.

هاوکات شی جین پینگ هەڵوێستی جێگیری وڵاتەی دووپاتکردەوە سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا و جەختیکردەوە، چارەسەری ئەو قەیرانە تەنیا لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە دەبێت، هیواشی خواست جارێکی تر کیشوەری ئەوروپا سەقامگیریی بەخۆوە ببینێتەوە.

لای خۆیەوە پوتین بە پێویستی زانی پەیکەرێکی ئەمنی متمانەپێکراو لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن بونیاد بنرێت، هەروەها هەموو هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی داخراوی لە ناوچەکە رەتکردەوە، کە بەوتەی ئەو ئەنجام و کاریگەریی پێچەوانەی دەبێت.

هاوکات، لەدوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی پوتین بۆ پەکین، حکومەتی واشنتۆن رایگەیاند، بە جدی لە پەیوەندی نێوان چین و روسیا دەڕوانێت و لەو چوارچێوەیەدا جۆن کیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، سەرکردەی هەردوو وڵات خواستێکی بەهێزیان هەیە رابەرایەتی سیستەمی نێودەوڵەتیی بکەن و رکابەرایەتیی لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشەکانیدا بکەن.

ئەوە لە کاتێکدایە، پەیوەندی روسیا لەگەڵ چین شادەماری ژیانە بۆ مۆسکۆ کە بەهۆی جەنگەکەیەوە لە ئۆکرانیا دووچاری گورزێک لە سزا بووەتەوە، کە تەنیا لە ساڵی رابردوودا چوارەم هاوبەشی بازرگانی بوو لەگەڵ چین.

هەروەها چینیش سوود لە وزەی هەرزانبەهای روسیا دەبینێت بۆ پێشخستنی ئابورییەکەی، لەگەڵ زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەگەڵیدا کە گەیشتووەتە ٢٢٧ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بەدی ناکرێت و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێکیشدا لە ئەگەری رەوانەکردنی هێزی فەڕەنسی بۆ بەرەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، پوتین وتی، دەرئەنجامەکانی ئەم هەنگاوە مەترسیدارە لەبەرچاو دەگرن ئەگەر فەڕەنسا هەنگاوێکی لەو جۆرە بنێت.













گەلەری