سەردێڕ:

١٥ وڵاتی یەکێتی ئەوروپا پێشنیازی رێوشوێنی نوێ دەکەن بۆ رێگرتن لە کۆچی نایاسایی

PM:05:24:17/05/2024

2020 جار خوێندراوەتەوە

لە سایەی ئەو ئاڵەنگارییانەی کە دۆسیەی کۆچبەری نایاسایی دروستی کردوون، ١٥ وڵاتی یەکێتی ئەوروپا لە هەوڵی ئەوەدان رێوشوێنی نوێ لە چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەو دۆسیەیە بدۆزنەوە. هەر لەو بارەیەوە حکومەتی هۆڵەندا جەخت دەکاتەوە لەوەی توندترین سیاسەتی پەنابەرێتی لە مێژوودا پەیڕەو دەکات.


هەر یەک لە وڵاتانی نەمسا، بولگاریا، قوبرس، کۆماری چیک، دانیمارک، فینلاند، ئیستۆنیا، یۆنان، ئیتاڵیا، لاتڤیا، لیتوانیا، ماڵتا، هۆڵەندا، پۆڵەندا، رۆمانیا لە یەکێتی ئەوروپا، پێیان وایە رێککەوتنی ناردنی کۆچبەران بۆ وڵاتانی سێیەم بەس نیە بۆ رێگریکردن لە لێشاوی کۆچبەران.

ئەو ١٥ وڵاتەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا داوا دەکەن رێوشوێنەکان توندتر بکرێنەوە و دەیانەوێت رێوشوێنەکان لە کاتی پڕۆسەکانی رزگارکردنی کۆچبەران لەناو ئاوەکانی دەریاوە دەستپێبکات و لەوێوە بۆ وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بگوازرێنەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش ئەو وڵاتانە داوایان لە کۆمسیۆنی ئەوروپا کردووە میکانیزمێک دابنێت بۆ ئاشکراکردنی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەم دەچنە ئاوە نێودەوڵەتییەکان تا ژیانیان لە مەترسی ژێرئاوکەوتن رزگاربکرێن و بۆ ناوچەیەکی ئارام بگوازرێنەوە، کە دەکرێت تیایدا چارەسەری هەمیشەیی بۆ کۆچبەرەکان بدۆزرێنەوە و زۆربەشیان دیپۆرت بکرێنەوە.

یەکێک لەو وڵاتانەش کە هۆڵەندایە دەیەوێت سیاسەتێکی توندتر بەرامبەر بە کۆچبەران بگرێتەبەر و بنەماکانی پێدانی مافەی پەنابەرێتیش توندتر بکات، بەجۆرێک کە پێشتر لە هیچ وڵاتێکی ئەوروپا هاوشێوەی نەبووبێت.

لەو چوارچێوەیەشدا، ئەو ١٥ وڵاتە دەستخۆشی لەو رێککەوتنە دەکەن کە ئیتاڵیا لەگەڵ ئەلبانیا واژۆی کرد و لە ٢٢ـی شوباتی ئەمساڵ ئەلبانیا رێککەوتنەکەی پەسەند کرد، بەگوێرەی رێککەوتنەکەش ئەلبانیا دەتوانێت لە ماوەی مانگێکدا لە هەرکاتێکدا بێت سێ هەزار پەنابەر و کۆچبەر لە هەردوو خاڵی سنووری ئیتاڵیاوە کە کەوتوونەتە سەر بەندەری شینگیان وەربگرێت.

هەروەها ئەو ١٥ وڵاتە خوازیارن رێککەوتنەکان لەگەڵ وڵاتانی سێیەم زیاتر بکرێن کە راستەوخۆ دەکەونە سەر رێڕەوی کۆچکردن، هاوشێوەی ئەو رێککەوتنەی ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ تورکیا واژۆکرا بە هێشتنەوەی پەنابەرە سورییەکان لەسەر خاکی خۆی لەبەرامبەر پێدانی کۆمەکی دارایی بە ئەنقەرە.

هەوڵی ئەو وڵاتانەش بەر لە سێ هەفتە دێت لە ئەجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا کە پێشبینی دەکرێت ئەو پارتە راستڕەوە توندڕەوانە تیایدا کورسییەکانیان زیادبکەن کە دژی کۆچبەرانن.

ئەوە لە کاتێکدایە، بەپێی یاساکانی ئەوروپا دەکرێت ئەو کۆچبەرەی خۆی دەگەیەنێتە خاکی یەکێتی ئەوروپا، بۆ وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتیەکە بگوازرێتەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەو شێوازە جێبەجێ ناکرێت کە بەریتانیا پەیڕەوی دەکات بۆ ناردنی کۆچبەری نایاسایی بۆ رواندا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، یەکێتی ئەوروپا رووبەڕووی زیادبوونی داواکاری پەنابەریی بووەتەوە و تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا ملیۆنێک و ١٤٠ هەزار کەسی تێپەڕاند و بەرزترین ئاستی لە ماوەی حەوت ساڵدا تۆمار کرد.













گەلەری