سەردێڕ:

بانکی ناوەندی زیاتر لە ٢٨١ ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە؛ نرخی دۆلار دادەبەزێت؟

PM:12:59:16/05/2024

10796 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لەلایەن گەشتیاران و بازرگانان و بانکەکانەوە داواکاری بۆ کڕینەوەی زیاتر لە ٢٨١ ملیۆن دۆلار پێشکەش کراوە بە نرخی فەرمی، لەو رێژەیەش زیاتر لە ٢٢ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش بووە. لە بازاڕەکانی هەرێمیش نرخی دۆلار رووی لە دابەزین کردووە و ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ هەزار و ٧٥٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەکۆی تایبەتی خستنەڕووی دراوی بیانی رایگەیاند، بڕی ٢٨١ ملیۆن و ١٣٤ هەزار و ٢٢١ دۆلار لەلایەن بازرگانانی ناوخۆ و دەرەکی و گەشتیارانەوە بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کڕدراوەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە تێکڕای فرۆش، بڕی ٢٢ ملیۆن و ٤٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش بووە و بڕی ٢٥٩ ملیۆن و ٩٤ هەزار و ٢٢١ دۆلاریشی بە شێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە.

هاوکات، چاوگێک لە بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە خستنەڕووی دراوە بیانییەکان و بەتایبەت دۆلار وەک سیستمی چاکسازی بانکێکی سزادراو لە ئەنجوومەنی چاکسازی بانکەکاندا راسپێردرا بۆ کڕینەوەی بڕی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار وەک قۆناغی تاقیکاری سیستمی بانکی.

باسی لەوەش کرد، وردە وردە کاریگەری ئابووری بانکە سزادراوەکان لە سەر دۆلار روو لە کەمبوونەوە دەکات و بەوەش نرخی دۆلار سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت. وتیشی، " بانکە سزادراوەکان لە قۆناغی تاقیکاریدان بۆ ماوەی مانگێک، دوای دەرچونیان لە قۆناغەکە ناوەکانیان بڵاو دەکرێتەوە و بەشێوەیەکی ئاشکرا دێنەوە ناو مەزادی بانکی ناوەندی".

نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم لەگەڵ بەرزبوونەوەی ریژەی فرۆشدا رووی لە دابەزین کردووە و لە ئێستاشدا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ هەزار و ٧٥٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە دوێنێ چوارشەممە لە کاتەکانی نیوەڕۆدا ١٠٠ دینار دابەزیوە.













گەلەری