سەردێڕ:

ئەفغانستان؛ ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەوە بۆ ٣١٥ کەس بەرز بووەوە

PM:03:20:12/05/2024

1116 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەیوەندیدار بە کاروباری کۆچبەران لە ئەفغانستان رایگەیاند، دوای ئەوەی لە رۆژی هەینی لافاوێکی بەهێز ناوچەکانی باغلان و بۆرکای لە ئەفغانستان گرتەوە، بە هۆیەوە ٣١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ کەسیش بریندار بوون. دەشڵێت، "پێشبینی دەکرێت بە هۆی رووخانی ماڵ و باڵەخانەکانەوە ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزتر ببێتەوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی پەیوەندیدار بە کاروباری کۆچبەران لە ئەفغانستان لەبارەی زیانەکانی ئەو لافاوەی چەند رۆژێکە وڵاتەکەی گرتووەتەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، رۆژی هەینی لافاو و زریانێکی بەهێز، باکوری رۆژهەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە، تا ئێستاش بەوهۆیەوە ٣١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارو ٦٣٠ کەسیش بریندار بوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، لافاوەکە زیانی بە ١٠ ناوچەی ئەفغانستان و باغلان و بۆرکا گەیاندووە، کە لە ئەنجامدا ٦٦٥ ماڵ روخاون و هەزار سەر ئاژەڵیشی لەناوبردووە، پێشبینیش دەکرێت ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوون و زیانە مادییەکان بەرزتر ببنەوە.

باس لەوەش کراوە، داوا لە رێکخراوی هاوکاری وڵاتانی ئیسلامی کراوە کە هاوکاری مرۆیی و تەندروستی بگەیەندرێتە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، بەهۆی کەمی خۆراک و نەبوونی بنکەی تەندروستییەوە. وتیشی، "بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە، دانیشتوانی ئەو ناوچەیە مەترسییان لەسەرە و پێویستە بە زوترین کات هاوکاری مرۆی و مادی بکرێن".

لەو بارەیەشەوە، ئیبراهیم عومری راوێژکاری کۆچ وکۆچبەرانی سەرۆکی تاڵیبان لە باغلان رایگەیاند، زیانێکی زۆری مرۆیی بەر ناوچەکانی باکووری باغلان و بۆرکا گەشتووە و پێویستە هاوکاری مرۆیی پێسکەش بە دانیشتوانی ناوچەکە بکرێت بەر لەوەی کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە.













گەلەری