سەردێڕ:

روسیا؛ بەهۆی نقومبوونی پاسێک حەوت کەس گیانیان لەدەستدا

AM:08:59:11/05/2024

3164 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری سانبێتسبۆرگ کە بە دووەم گەورەترین شاری روسیا دادەنرێت، پاسێک بە ٢٠ سەرنشینەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و بەهۆیەوە کەوتووەتە ناو راڕەوی ئاویی شارەکە و لە ئەنجامدا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا. بەرپرسانی شارەکەش دەڵێن، "بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە و نەیانتوانیوە خۆیان رزگاربەکەن لە ئاوەکەدا".


ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی پۆلیسی ناوخۆی سانبێتسبۆرگ بە ئاژانسی هەواڵی روسیای راگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا پاسێک کە ٢٠ گەشتیاری تێدا بووە، بەمەبەستی بینینی رووباری مۆیکا روویان لە لێواری پردی رووبارەکە کردووە و شۆفێری پاسەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پاسەکە بە ٢٠ سەرنشینەوە نوقمبووە و لە ئەنجامدا ٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٣ کەسی دیکەش لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاری روسیاوە رزگارکراون. وتیشی، "ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە بووە کە نەیانتوانیوە خۆیان رزگاربکەن و لە پاسەکە بێنە دەرەوە".

لەلایەکی دیکەشەوە، بەرپرسانی فریاگوزاری و تەندروستی سانبێتسبێرگ لەبارەی دۆخی بریندارەکانەوە ئەوەشی خستووەتە روو، دۆخی بریندارەکان تادێت سەختر دەبێت و لە ئێستاشدا چوار کەسی دیکە لە حاڵەتی کۆمادان. وتیشی، "پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کراوەتەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ناوەندی فریاگوزاری روسیا لە مانگی نیساندا رایگەیاند، بەهۆی نقومبوونی ئۆتۆمبێلێک لە رووباری مۆیکا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بە سەختی برینداربووە.













گەلەری