سەردێڕ:

دوایین پێشهاتەکانی پێکهێنانی ئاگربەستی غەززە چین؛ ناکۆکییەکان چارەسەر کران؟

PM:05:29:08/05/2024

1824 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ پێشکەوتنێکی لە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لەگەڵ حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان نەبینیوە. دەشڵێت، چەند ناکۆکییەک هەیە لەبارەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکانەوە، هەربۆیە شاندی ئیسرائیل لە قاهیرە دەمێنێتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسێکی ئیسرائیل رایگەیاند، سەبارەت بە پێکهێنانی ئاگربەست تاوەکو، ئێستا چەند ناکۆکییەک هەیە لەبارەی رێککەوتنی بارمتەکانەوە و شاندی ئیسرائیل لە قاهیرە دەمێنێتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل هیچ پێشکەوتنێکی لە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لەگەڵ حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان نەبینیوە، بەڵام لەلایەن تیمەکانی دانوستانەوە هەوڵێکی زۆر دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

لای خۆشیەوە، میدیاکانی میسر بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە بەئامادەبوونی هەموو لایەنەکان دەست پێدەکاتەوە.

رۆژی رابردوو، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی و دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، ناکۆکییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل سەبارەت بە ئاگربەست دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حەماس ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ئیسرائیل ئاگربەستی کاتی دەوێت و حەماس دەیەوێت ئیسرائیل هێزەکانی بکشێنێتەوە، بەڵام ئیسرائیل ئامادە نیە، هەروەها حەماس دەیەوێت لە هەر هەفتەیەکدا سێ بارمتە ئازاد بکات، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت لە هەر سێ رۆژێکدا سێ بارمتە ئازاد بکرێت.













گەلەری