سەردێڕ:

بانکی TBI مەرجەکانی گواستنەوەی دەرەکی بۆ بازرگانە بچوکەکان رادەگەیەنێت

PM:03:03:11/10/2023

4004 جار خوێندراوەتەوە

بانکی بازرگانی عێراق مەرج و رێنماییەکانی گواستنەوەی دەرەکی بۆ بازرگانە بچوکەکان لە رێگەی لقەکانیەوە کە دەکەونە سەرجەم شارەکانی عێراق راگەیاند.


ئەحمەد سەعید خەزرەجی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بانکی بازرگانی عێراقی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێداویستیەکانی گواستنەوەی دەرەکی بۆ بازرگانە بچوکەکان لە بانکی بازرگانی عێراق سەرەتا بە کردنەوەی هەژمارێکی جارەکی دەستپێدەکات بە پێی ئەو رێنماییانەی کە لە بانکی بازرگانی عێراقدا جێبەجێ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، مەرجە سنوری گواستنەوەی دەرەکی بۆ هەر بازرگانێک لە ماوەی مانگێکدا لە بڕی ١٠٠ هەزار دۆلار زیاتر نەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، کڕیار دەبێت لیستی بازرگانی سەرەتایی پێشکەش بکات بە مەرجێک بەرواری ئەو لیستە لە شەش مانگ زیاتر نەبێت لە بەرواری دروستکردنی داواکارییەکە لەسەر پلاتفۆڕمەکە.

ئەحمەد خەزرەجی راشیگەیاند، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا بۆ وڵاتانی دراوسێ و نێودەوڵەتی و هەروەها ماوەی ٦٠ رۆژ بۆ وڵاتانی دیکە بەڵگەنامەی سەلماندنی چوونە ژورەوەی کەرەستە بۆ ناوخۆی عێراق بۆ بانکەکە دابین بکرێت، جگە لەوەی دەبێت کڕیار بەڵێننامەیەک پێشکەش بکات کە بیسەلمێنێت خاوەنی هیچ کۆمپانیایەک و پشکێک نیە.

باسی لەوەشکرد، یەکێکی دیکە لەو مەرجانە پێشکەشکردنی "مانیفێست”ێکە کە وردەکاری کاڵا و ناردنی کەرەستە بۆ عێراق دەخاتە ڕوو ، و ئەو لایەنەی کە ئەو ماددانە بۆی دەنێردرێت.

وتیشی:" ئەگەر بازرگان پابەند نەبێت لە پێشکەشکردنی ئەو مەرجانە ئەوا ئەنجامدانی هەر کارێکی گواستنەوەی لێ قەدەغە دەکرێت."

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، بانکی بازرگانی عێراق بەردەوامیی کارەکانی گواستنەوەی دەرەکی بۆ بازرگانە بچوکەکان لە ڕێگەی پلاتفۆرمی بانکی ناوەندی عێراقەوە بە نرخی هەزار و ٣٢٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک دووپات دەکاتەوە.

گۆران عەبدوڵا-بەغدا













گەلەری