ئەمڕۆ ٢١ی ئازار، یەکەم رۆژی وەرزی بەهار دەستپێدەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی ساڵنامەی کوردی "کە دەکاتە ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی". لە ساڵنامەی کوردیدا یەکەم مانگ بە جەژنی نەورۆز دەستپێدەکات و ناوی خاکەلێوەیە.
٢١ی ئازار؛ لە کوردستان بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئاھەنگی ھاتنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی بەرز رادەگیرێت و ئاگری نەورۆز لە ھەر شار و شارۆچکەیەک بە شێوازێک رۆشن دەکرێت. بەدەر لە کوردستانیش لە وڵاتانی دیکەش کوردەکان ئەو ئاهەنگە دەگێڕن.
لە یەکەم رۆژی جەژنی
نەورۆزدا هاوڵاتیان ئاهەنگ دەگێڕن و دەچن بۆ گەشت و سەیران ماوەی چەند ساڵێکیشە، لە
هەرێمی کوردستان هاوڵاتیان لە رۆژی ٢٠ی مانگدا ئاهەنگ لەناو شارەکاندا سازدەکەن و لە
دیارترین ئاهەنگ و چالاکییەکانی نەورۆز کە لەم چەند سداڵەی دواییدا سەری هەڵداوە؛
داگیرساندنی ئاگرە لەسەر ھەرسێ چیای کەلێ، کەلەکەڤنێ و تیشێ لە ئاکرێ؛ کە لە قەزای
ئاکرێ ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو ھەزارەھا کەس بە کورد و کەسانی بیانییەوە بەشداریان
لەو بۆنەیەدا کرد.
ساڵی کوردی؛ ئەو
ساڵەیە کە بە تەباترین ساڵ لەگەڵ سروشت ناودەبرێت؛ بە جۆرێک ناوی هەر وەرزێکی
هاوتای کەش و دۆخەیەکەتی، نەورۆزیش کە لە ساڵی کوردیدا بە یەکەم رۆژی بەهار و شکانی
سەرماو سۆڵە و دەستپێکی ساڵەکە دادەنرێت، مێژوویەکی کۆنی هەیە و هەندێک توێژینەوە
کە لەبارەی سەرهەڵدانی نەورۆزەوە ئەنجامدراون باس لەوەدەکەن، جەژنی نەورۆز کۆنترین
جەژنی مرۆڤە لەسەر زەوی. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون، کۆنترین مرۆڤەکانی
سەر گۆی زەوی، ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، رۆژی یەکەمی بەھاریان کردووە
بە جەژن.
لەو بارەیەشەوە خەسرەو جاف بیرمەند و نووسەری کورد لە بەرنامەی تاوتێی
ئێن ئاڕ تیدا باسی لەوەکرد، کە بۆ یەکەمجار لە کوردستاندا ئاگری نەورۆز کراوەتەوە
و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەوا پێنج بۆ شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر سەر زەوی کەش ساردتر
بووە، بەتایبەت زنجیرە چیاکانی زاگرۆس کە ترۆپکی سەرما بووە و کاتێک سەرما هاتووە،
خەڵک ترسی زستانی لێدەنیشت و بەتەمای دووبارە ژیان نەبووە، زنجیرە چیاکانی
زاگرۆسیش زنجیرەیەکی درێژە و کە بەفر باریوە ئەوانەی لەسەر چیاکاندا ژیاون ترسیان
لێنیشتووە، کاتێک سەرەتا دەبینن ئاو دزەیکردووە و بوژاوەتەوە، ئەوا ئاگر کراوەتەوە
لەسەر لوتکەی چیاکە و لە دوورەوە بینراوە، بەوەش موژدەی ئەوە دراوە کە لە سەرما و لە
مەرگ رزگاریان بووە، ئەوەش پەیوەندی بە بابەتێکی جوگرافییەوەیە.
وتیشی، نەورۆز پەیوەندی بە هیچ جۆرە چیرۆک و ئەفسانەیەکەوە نییە کە
دروستکراوە و پەیوەستە بەو دۆخە جوگرافییەوە، کە چەندین جار لە توێژەری فارسم
بیستووە، باسیان لەوەکردووە، لە بابەتی نەورۆزدا زوڵم لە کورد کراوە.
نەورۆز لە کوردەواریدا
جەژنێکی تایبەتە و مێژوویەکی کۆنی ھەیە. لە ھەموو شوێنەکانی کوردەواریدا ئەم جەژنە
بەڕێوە دەچێت و زۆرێک لە گەلان و نەتەوەکانی دیکەش یادی دەکەنەوە. یەکەم نووسەری
کوردیش کە بە کوردی باسی دابونەریتی نەورۆزی کردبێت ئەحمەدی خانی بووە. زۆرێک شاعیرانی
تری کوردیش ھۆنراوەیان بۆ نەورۆز داناوە. ئاگر ھێمای نەورۆزە لەلای کوردەکان، ھەموو
ساڵێکیش بە ئاگر یادی دەکەنەوە.
هـ.ئـ