ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ رایگەیاند، دەبێت قۆناغ بە قۆناغ هێزی پێشمەرگە یەکبگرێتەوە. لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمیشەوە دەڵێت، "لە عێراق تەنها دەموچاوەکان گۆڕاون ئەگەرنا هەمان عەقڵیەتی پێشووە بەرامبەر بە کورد."
ئەمڕۆ دووشەممە، مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، هاوپەیمانان تا ئێستا لە ڕووی چەک و داراییەوە یارمەتی وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن، بەڵام هاوکاری نادەن بە یەکەی ٧٠ و ٨٠ و دەیانەوێت هێزی پێشمەرگە یەکبێت.
وتیشی، پلانێکی پێنج ساڵە بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە
دانراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی کۆمەڵێک رێگری دروستبووە لەبەردەم
یەکگرتنەوەی هێزی پیشمەرگە.
سەبارەت بە دۆخی هەرێم مستەفا چاوڕەش راشیگەیاند، "دەبێت
هەموومان بە یەکڕیزی بچینە بەغدا بۆ ئەوەی عێراق سوود لە ناکۆکی کورد وەرنەگرێت، ئێمەی
کورد وڵاتانی دەورووبەرمان دوژمنە لە عێراقیشدا تەنها دەموچاوەکان گۆڕاون، ئەگەرنا
هەمان عەقڵیەتی پێشووە بەرامبەر کورد. عێراق برای باوکمان نییە."
لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتیشەوە مستەفا چاوڕەش
وتی، کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی تەواو نەبووە و دەبێت هەردوولا کەمێک بێینە
خوارەوە تا رێکبکەون.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە
ئەوەی خستەڕوو، یەکێتی گرفتی نییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام داوایکردووە هەڵبژاردن
بە چوار بازنە بکرێت نەوەک بە یەک بازنەیی.