سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی ئەمریکای کرد و لەوێ مەدالیای سوپاس و ڕێزی بەخشییە سەرۆکی ئەمریکا، هاوکات سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامی پشتیوانی کردن لە ئۆکرانیا و رایگەیاند، سیستمی بەرگری پاتریۆت دەدەنە ئەو وڵاتە.
جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە ڤۆلۆدمیر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا کرد و ئەمەش یەکەمین جارە لە دوای ١٠ مانگ لە بەردەوامی جەنگ سەرۆکی ئۆکرانیا وڵاتەکەی جێبهێڵێت.
لە کاتی دیدارەکەدا زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا مەدالیای رێز و سوپاسی پێشکەش
بە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کرد وەک سوپاسگوزارییەک بۆ رۆڵی ئەمریکا لە هاوکاریکردنی
ئۆکرانیا، لەبەرامبەردا جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، " ئازایەتی ئۆکرانیا
سەرنجی هەموو جیهانی راکێشاوە."
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، سیستەمی بەرگری ئاسمانی موشەکی
باتریۆت دەدەنە ئۆکرانیا و راهێنانی تایبەت بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکرێت لەسەر بەکارهێنانی
ئەو سیستەمە پێشکەوتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، روسیا هاوڵاتییانی ئۆکرانی دەکاتە ئامانج و وەزی زستان وەک
چەكێک بەکاردەهێنێت و ئەمریکاش پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات تا ئەوکاتەی دەگات بە
ئاشتییەکی دادپەروەر.
ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە ٢٤ـی شوباتی ئەمساڵەوە سوپای روسیا هێرشی
کردووەتە سەر ئۆکرانیا و تاوەکو ئێستاش جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە.
لەسەرەتای جەنگەکەشەوە ئەمریکا پاڵپشتی خۆی بۆ ئۆکرانیا راگەیاند و ئاماژەی
بەوەدا، "پێویستە سەربەخۆیی و ئازادی ئۆکرانیا بپارێزرێت و هەموو هەوڵێک دەدەین
تاوەکو روسیا لەم جەنگەدا شکست بهێنێت و لەگەڵ هاوپەیمانانمان و ناتۆ هاوکاری پێویستی
ئۆکرانیا دەکەین."