ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، لەدوای تەواوبوونی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ٦ی ١١ی ئەمساڵدا، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەیان پێویستە لە پەرلەمان بکشێنەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی، پرسی وەرگرتنی هەڵوێست دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەکەی نایاسایی تاوتوێکراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەنجومەنی
سەرکردایەتی بڕیاریداوە کە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە بەرواری ٦ی ١١ی
٢٠٢٢ بەدواوە كە ماوەی یاسایی پەرلەمان تەواو دەبێت لە پەرلەمانی كوردستان بكشێنەوە.
رۆژی ٩ی ئەم مانگە، لە کۆبوونەوەی
پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ
وەرزێکی دیکەی یاسادانان درێژکرایەوە و سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێش رایگەیاند،
"درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نایاساییە و لەدوای ٦ی تشرینی دووەمەوە یەک
خولەک دەوام ناکەین و موچە وەرناگرین."
هەر لە دانیشتنەکەدا،
فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە توندی دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان وەستانەوە و سەرۆکی
فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، بە شێوەیەکی نایاسایی تەمەنی پەرلەمان درێژکراوەتەوە
و بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی پەڕلەمانی کوردستان لە هەرسێ رووی یاسایی و دەستووری
و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆش پێشێلکارییە.