سەردێڕ:

یەکێتی بە داواکەی بارزانی رازیبوو بە دەستبەرداربوون لە بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆککۆمار

PM:12:55:12/10/2022

28780 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سبەینێ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت، کە دانیشتنەکە پێویستی بە ئامادەبوونی ٢٢٠ پەرلەمانتار هەیە.


پاش ئەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان سبەینێ پێنجشەممەی دیاریکرد بۆ دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لە ئێستادا فشارەکان چڕتربوونەتەوە و پرسی یەکلاکردنەوەی کورسی سەرۆککۆمار بووەتە باسی میدیاکانی عێراق.

ئێن ئاڕ تی بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی کەوتووە، ئەوەی زانیوە، کە رێککەوتن لە نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا هەیە، بۆ پشتگیریکردن لە لەتیف رەشیدی وەزیری پێشووی سەرچاوەکانی ئاو، بە مەبەستی ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری ئێستای عێراق دووبارە هەڵنەبژێردرێتەوە.

لە ماوەی رابردووشدا ئێن ئاڕ تی ئەوەی ئاشکراکردبوو، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یەکێک لە سیناریۆکان یان چوونە ناو پرۆسەکەیە لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بە دوو کاندید، یانیش رێککەوتنی پارتی و یەکێتیە بۆ گۆڕینی بەرهەم ساڵح بە کاندیدێکی دیکەی هاوبەشی هەردوو حزب یان کاندیدەکەی پارتی.

لەتیف رەشید لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا هڵبژاردنی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار راگەیاند و لەو کاتەشدا باسی لەوەکرد، "بۆ خۆ هەڵبژاردنی پرسی بە کەس نەکردووە، بەڵام پەیوەندی بە لایەنەکان و کەسایەتییەکانەوە کردووە."

عەبدولـلەتیف رەشید لە ساڵی ١٩٤٤ لە سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٨دا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازەی شارستانی لە زانکۆی لیڤەرپوول بەدەستهێناوە، دواتریش بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی مانچستەر بەدەستهێناوە.

لەتیف رەشید لەماوەی رابردوودا لە یەمەن و سعودیە بەڕێوەبەری پڕۆژەی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانیFAO بووە و ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقیINC بووە. لە ساڵی ١٩٨٦دا نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە لە بەریتانیا و لە ساڵی ٢٠٠٣شدا بووەتە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق.

لە مانگی ١٠ی ساڵی رابردوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و دەبوایە دوای هەڵبژاردن سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی هەڵبژێردرێن و ئەوانیش کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دواتر سەرۆککۆماری نوێ واژۆی پێکهێنانی حکومەت بکات. بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پرسی سەرۆککۆمار یەکلا بکرێتەوە.

هـ.ئـ













گەلەری