بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەپارێزی سلێمانی رایگەیاند، لە ئێستادا دارستانەکان بەهۆی بڕینیان هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە و دوو هاوڵاتیش بەو تۆمەتە لە سنوری سەیدسادق دەستگیرکراون.
پۆلیسی ژینگەپارێزی سلێمانی رایگەیاندووە، "بڕینی دارە سروشتییەکان و تێکدانی ژینگە کارەساتێکی گەورەیە، هەرچەندە مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان بەردەوامن لە رێگریکردن لەو دیاردەیە، بەڵام هەندێک لە هاوڵاتیان پەنای بۆدەبەن."
ئاماژە بەوەشکراوە، "بەو هۆیەشەوە دوو هاوڵاتی لە سنوری سەیدسادق دەستگیرکراون."
پۆلیسی ژینگە باسی لەوەشکردووە، لەئێستادا تۆمەتبارەکان دەستبەسەرکراون و
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکەیان کراوەتەوە و بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی
رادەستی دادوەر کراوە.
بەپێی وتەی پۆلیس؛ چاوەڕواندەکرێت لەسەرەتای زستاندا گوند و ناوچە گوندنشینەکان
زیاتر روو لە بڕینی داری دارستانەکان بکەن.
ئەوەش وەک ئامرازی جێگرەوەی سوتەمەنی گەرمکردنەوە لە وەرزی سەرمادا. ئەوەش
دوای ئەوە دێت، سەرەڕای نزیکبوونەوە لە وەرزی سەرما، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم
نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دابەشنەکردووە، جگە لەوەی هەندێک ناوچە نەوتی سپی ساڵی
رابردوویان وەرنەگرتووە.