سەردێڕ:

سەرژمێری دادگاکانی عێراق: رۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی جیابوونەوە تۆماردەکرێت

PM:11:51:14/09/2022

8256 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق سەرژمێری ژمارەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە "تەڵاق" و کەیسەکانی هاوسەرگیری مانگی ئابی رابردووی بڵاوکردەوە.


بەپێی سەرژمێرییەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، لەمانگی ئابی ئەمساڵ نزیکەی ٢١ هەزار کەیسی هاوسەرگیری لە دادگاکانی عێراق تۆمارکراون و هاوکات ژمارەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە گەیشتووەتە ٦٤٩١ حاڵەت و بەغدا لە ریزبەندی یەکەمی زۆرترین حاڵەتەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەدایە.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت لە مانگی تەمموزی پێشوو نزیکەی ٢٥ هەزار کەیسی هاوسەرگیری لە دادگاکان تۆمارکراون لەگەڵ ئەوەشدا حاڵەتەکانی جیابوونەوە گەیشتبووە پێنج هەزار حاڵەت.

ماوەی چەندین ساڵە رێژەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە عێراق زیادی کردووە و شارەزایانیش، زیادبوونی ئەم حاڵەتە دەگەڕێننەوە بۆ خراپی دۆخی گوزەران و هاوسەرگیریکردن لە تەمەنێکی کەمدا.

هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران:

حاڵەتی دەروونی و ناسەقامگیری دەروونی کەزۆرینەی دانیشتوان تووشی هاتوون

بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بێکاری

نەبوونی هۆشیاری هاوسەرگیری

توندوتیژی خێزانی

هاوسەرگیری لەتەمەنێکی منداڵی دا

هۆکارە یارمەتیدەرەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە

نەبوونی یاسا

لاوازی ڕۆڵی حکومەت

نەبوونی چاکسازی لەنێوان هاوسەراندا

هاوسەرگیری کردن لەدەرەوەی دادگاکان

ناچارکردنی کچانی گەنج بە هاوسەرگیری کردن

لاوازی و نەبوونی رۆڵی توێژەری کۆمەڵایەتی

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق (جیابوونەوەی هاوسەران) لەعێراق چین؟

تەڵاق وجیابوونەوەی هاوسەران لەعێراق بووە بەدیاردە و یەکێک لەو گرفتانەی لەم ساڵانەی دواییدا بەرۆکی کۆمەڵگەی گرتووە بریتییە لە جیابوونەوەی هاوسەران، زۆرینە هۆیەکەی بۆ زەواجی پێشوەختە و بڵاوبوونەوەی هەژاری و بێکاری و خراپ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و چەندین هۆکاری دیکە دەگێڕنەوە.

فاتمە ماجد چالاکوانی بواری مافی ژنان و پسپۆر لە بواری یاسایی باسی لەوەکرد، زیادبوونی رێژەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە عێراق نیگەرانی رایگشتی زیادکردووە و هاوکات هەڕەشە لە سەلامەتی و یەکێتی خێزانی دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، زۆری حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە عێراق راستەوخۆ پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەیە لەوانە کەمی ئاستی تێگەشتوویی ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن لە بەرێکردنی ناکۆکیەکانی هاوسەرگیری و دەشلێت، "ناسەقامگیری بارودۆخەکانی عێراق بە گشتی هۆکارێکی دیکەیە لە زیادبوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە."

لەلای خۆشیەوە مستەفا مساعد پارێزەر لە یەکێک لە دادگاکانی شاری رەسافەی سەر بە بەغدا ئەوەی خستەڕوو، تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی ئەپلیکەیشنەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هاوکارە لە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە عێراق دەشڵێت، "ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە دەبنە کەیسی ناپاکی لەلایەن ژنان یان پیاوەنەوە و لە کۆتادا دەبێتە هۆی جیابوونەوەیان."













گەلەری