سەردێڕ:

پۆلیسی کەناراوەکانی تورکیا: تەرمی شەش کۆچبەرمان دۆزیووەتەوە

PM:11:27:14/09/2022

2684 جار خوێندراوەتەوە

پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، تەرمی شەش کۆچبەریان دۆزیوەتەوە، کە لەگەڵ ٧٣ کۆچبەری دیکە لە بەلەمێکدا بوون و بەلەمی ئەم کۆچبەرانەش لە کۆتایی هەفتەی رابردوو لە لوبنانەوە بەرەوە ئەوروپا بەرێکەوتووە.


بەپێی وتەی کاربەدەستانی تورکیا، دوای ئەوەی بەلەمی کۆچبەرەکان بەهۆی نەمانی سووتەمەنییەوە لە کاردەکەوێت و لە دورگەی رۆدسی یۆنانی گیردەخوات، تیمی پاسەوانانی کەناراوەکانی یۆنان بەهانایانەوە چوون و کۆچبەرەکانیان لە رێگەی چوار بەلەمی چوپەوە گواستووەتەوە بۆ ناوچە ئاوییەکانی تورکیا.

لەلای خۆشیەوە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، پاسەوانانی کەناراوەکانی ئەو وڵاتە تەرمی شەش کۆچبەریان وەرگرتووەتەوە کە پێنجیان منداڵن و یەکێکی دیکەیان ژنێکە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم کۆچبەرانە لە رۆژی شەممەی رابردوو لە شاری تەرابلوسی لوبنانەوە بەرەو کەناراوەکانی ئەوروپا بەرێکەوتون.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەندۆڵۆی تورکی، لە نزیک کەناراوەکانی پارێزگاى موغڵا باشووری خۆرئاوای توركیا، ٧٣ کۆچبەری نایاسایی کە لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە ناچارکرابوون رووبکەنەوە ئاوەکانی تورکیا رزگارکران و شەش کۆچبەریش کە لە دوو منداڵی ساوا، سێ منداڵ و ژنێک پێکهاتبوون، گیانیان لەدەستدا.


 













گەلەری