سەردێڕ:

لە ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی سلێمانی و هەڵەبجە یەکێتی بەنیازی چییە؟

PM:10:33:25/08/2022

11884 جار خوێندراوەتەوە

لە دواین کۆبوونەوەیاندا یەکێتی و گۆڕان باسی ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەری گشتی نێوانیان کرد لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە. هاوکات، یەکێتی بەنیازە پۆستە باڵان نەداتەوە بەگۆڕان و پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاڵوگۆڕەکان بکات.


بەپێی زانیارییەکان، لە سێ بۆ شەش مانگی داهاتوودا یەکێتی و گۆڕان نزیکەی ٥٠ پۆست لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ دەکەن و بۆ ئەوەش لیژنەیەکیان پێکهێناوە.

ئەو پۆستانەش کە ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت، بریتین لە پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەری گشتی.

چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، یەکێتی نایەوێت هەمان ئەو پۆستە باڵایانە بە گۆڕان بداتەوە کە پێشتر لەسەری رێکەوتوون، بۆ ئەوەش یەکێتی دەیەوێت پارێزگاری هەڵەبجە لای خۆی بمێنێتەوە و پارێزگاری سلێمانیش لە گۆڕان وەربگرێتەوە.

چاوگەکە ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی وەک جاران مامەڵە لەگەڵ گۆڕان ناکات و دەیەوێت بەپێی ئەنجامی دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پۆستەکان لەگەڵ گۆڕاندا دابەش بکات.

چاوگەکە باسی لەوەش کرد، بۆچونێک هەبوو کە ئەو ئاڵۆگۆڕانە بخرێنە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام یەکێتی دەیەوێت پێش هەڵبژاردن ئەو ئاڵوگۆڕانە بکرێن و پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەربگرێتەوە و بەکاری بهێنێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، لەناو یەکێتیدا چەندین کەسێک کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگای سلێمانی.

لە ساڵی ٢٠١٩ یەکێتی و گۆڕان رێکەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و بەیەکەوە ئەو دوو پارێزگایە بەڕێوەدەبەن.













گەلەری