سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم پابەندی بەڵێنەکەی خۆی نەبوو لە دابەشکردنی موچە لە وادەی خۆیدا

PM:09:25:25/08/2022

20224 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم بەڵێنی بە فەرمانبەران و موچەخۆراندا هەموو ٣٠ رۆژ جارێک و لە ٢٥ی هەموو مانگێکدا موچە دابەشبکرێت، ٢٥ی مانگ تێپەڕى و هێشتا حکومەت بڕیاری دابەشکردنی موچەی مانگی هەشتی نەداوە، ئەم بەڵێنەشی هاوشێوەی بەڵینەکانی دیکەی لە چوارچێوەی قسەدا هێشتەوە و نەیکرد بە کردار.


داهاتى زیاد لە پێویست لە بەردەستى حکومەتى هەرێمدایە و هێشتا بەشێک لە موچەخۆران موچەى مانگى حەوتیان وەرنەگرتووە و کاتى دابەشکردنى موچەى مانگى هەشتیش نادیارە.

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دینار ئامادەیە بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی هەشت و دوو رۆژیشە لیستی موچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و خانەنشینانی سەربازی و شارستانی لەلایەن گەنجینەكانەوە ئامادەكراوە، بەڵام وادەى دابەشکردنى موچە رانەگەیەندراوە.

نزمی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی دوو دیارترین پاساوەکانی حکومەتی هەرێم بوون، بۆ دابەشنەکردنی موچە و دواخستنی، بەڵام ئێستا نرخی نەوت بەرزە و داهاتی هەرێمیش زیادیکردوە، کەچی حکومەت هێشتا گرفتی سستی دابەشکردنی موچەی چارەسەر نەکردووە و پابەندى بەڵێنەکەى خۆیان نیین بۆ وادەى دابەشکردنى موچە.

ئەو چاوگەى وەزارەتی دارایی وتیشى، حکومەت دەیەوێت سەرەتاى مانگى داهاتوو لیستى موچە رابگەیەنێت، بەڵام ئەگەر فشارەكان بۆسەر حكومەتی هەرێم زیاتر بكرێن ئەوا پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوو دەستبكات بە دابەشكردنی موچە بکات.

بەشێک لە بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن، گرفتی سستی دابەشکردنی موچە بەهۆی کەمی داهاتەوە نییە، بەڵکوو بەهۆی قۆرخکارییەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتەوەیە، لە ئێستادا کە نرخی نەوت ١٠٠ دۆلاری تێپەڕاندووە، لەسەدا ٧٠ی داهاتەکەی دیار نامێنێت و لە ژێر ناوی جیاجیادا دەڕوات بۆ کۆمپانیا حزبیەکان













گەلەری