سەردێڕ:

دادگای فیدڕاڵی عێراق وادەی دانیشتنی خۆی لەبارەی هەڵوەشاندەنەوەی پەرلەمانی ئاشکرا کرد

PM:07:57:25/08/2022

7364 جار خوێندراوەتەوە

دادگای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣٠ی ٨ی ٢٠٢٢ لەبارەی بینینی ئەو سکاڵایەی بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە پێشکەشکرابوو دانیشتنی خۆی سازدەکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایداهاتووە، دادگا بڕیاری داوە بە دوا خستنی سکاڵای پێشکەشکراوی ژمارە ١٨٨ی فیدڕاڵی ٢٠٢٢ کە لەلایەن سکاڵاکار نەسار زەغیر روبەیعییەوە تۆمار کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بینی سکاڵاکەی ئەمینداری گشتی فراکسیۆنی سەدر بۆ رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣٠ی ٨ی ٢٠٢٢ دواخراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، سکاڵاکەی نەسار زەغیر روبەیعی ئەمینداری گشتی فراکسیۆنی سەدر لەبارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقەوەیە سەبارەت بە هەڵوەشاندەنەوەی پەرلەمان و دیاریکردنی وادەیەکە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەگوێرەی ماددەی ٦٤ی دەستوری عێراقی.

پێشتریش، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەوەڵامی موقتەدا سەدر کە داوایکردبوو دادگاکاە پەرلەمانی ئێستای عێراق هەڵبووەشێنێتەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی رایگەیاند، هەڵوەشاندەنەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.

ئەوەشی خستبووەڕوو، بەگوێرەی ماددی ٦٤ی دەستور هەڵوەشاندەوەی پەرلەمان بەیەکێک لەم دوو رێگایانە دەبێت:

یەکەم/ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران داوای هەڵوەشاندەوەی پەرلەمان بکات و سەرۆک کۆمار رەزامەندی دەرببڕێت.

دووەم/ یەک لەسەر سێی پەرلەمانتاران داوای هەڵوەشاندەنەوەی پەرلەمان بکەن و زۆرینەی رەها ٥٠+١ دەنگی لەسەر بدەن.

دەشڵێت، ئەمەش بەمەبەستی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکار بووە.

 













گەلەری