پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینان رایگەیاند، بەهۆی بوونی کەموکوڕیی لە دۆسییەکەکیاندا بڕیاری یەکلاییکردنەوەی دۆسییەی دەستگیرکراوانی بادینان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا. دەشڵێت، "رێكارەكانی ئازادكردنی بە مەرج ئیشی چوار رۆژە ئەمە دوو مانگە چاوەڕێ دەكەن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشدار حەسەن پارێزەری کەیسی دەستگیرکراوانی شیلادزێ بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، بابەتەكە لە چاكسازی گەورانی هەولێر کەمێک بە سستی دەڕوات دوو رۆژ لەمەوبەر نۆ دۆسیەیان رەوانە كردووە و رۆژی چوارشەممەش سێ دۆسیە، بەڵام هەرجارێك كە ڕەوانە دەكەن كەموكوڕی تێدایە.
ئاماژەی بەوەشدا، رۆژی پێنجشەممە پازدە دۆسیەی تریان ئامادەكردووە،
بەڵام دیسان كەموكوڕی تێدایە بۆیە لە هەموو حالەتێكدا هەر دەمێنێتەوە بۆ هەفتەی ئایندە.
وتیشی، ئەوانەی بادینان ١٠
كەسن جگە لە "قارەمان شوكری" كە ئەو لە دهۆكە و هێشتا كاتی ئازادكردنی بە
مەرجی ماوە، چونكە دەبێت سێ چارەكی حوكمەكەی تەواو بكات ئینجا ئازادكردنی بە مەرج
دەیگرێتەوە.
باسی لەوەشکرد، دەستگیرکراوانی دیكەی بادینان خەڵكی زۆری تیدایە كە نزیكەی چل كەس دەبن ئێستا شایستەی
ئەوەن بە ئازادكرنی بە مەرج ئازاد بكرێن ئەوانیش هەر بە هەمان ئەو مادەیە دەستگیركراون
كە گوایە پەیوەندیان لەگەڵ لایەنی دەرەكی هەیە.
بەشدار حەسەن دەشڵێت، بابەتی
رێكارەكانی ئازادكردنی بە مەرج ئیشی چوار رۆژە، ئەوە دوو مانگە چاوەڕێ دەكەن دۆسیەی
سزادراوانی بادینان یەكلایی بكرێتەوە.
پارێزەری دەستگیرکراوانی
بادینان ئەوەشی خستەڕوو، كەموكورتیەكە ئەوەیە كە وەرگرتنی راپۆرتی توێژەری كۆمەڵایەتییە
كە فەرمانبەرێكە دەبێت لەسەر رەفتاری دەستگیرکراوان راپۆرت بنوسێت و بڵێت ئەمانە رەفتاریان باشە و دەتوانن
بێنەوە ناو كۆمەڵگە و كێشەیان نییە. ئەوەی دیكەش هەر سزادراوێك دەبێت پەنجە مۆری لێ
وەربگیرێت بزانن ئایا لە شوێنی تر داواكراون یاخود نا و پێشتر گیراون یاخود نا؟
دوای وەڵامدانەوە ئەو كات لەگەڵ راپۆرتی داواكاری گشتی هەموو پێكەوە دەچێتە بەردەم
دادوەر و لەوێ بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی
رابردوودا، بەهەمان هۆکار چەندجارێکی دیکە دۆسییەی یەکلاییکردنەوەی دەستگیرکراوانی
بادینان دواخرا و لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن
ئاڕ تی بەشدار حەسەن پارێزەری
دەستگیرکراوانی بادینان رایگەیاند، یەکلایی نەکردنەوەی دۆسیەی دەستگیرکراوانی
شیلادزێ "بادینان" هۆکاری سیاسی لە پشتە.