پزیشکێکی پسپۆڕی دەروونی لە شاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی لەبارەی بابەتی فرۆشتنی نەخۆشخانەی فێرکاری سلێمانی وروژاندووە و داوای لە سەرۆکی حکومەت و وەزیری تەندروستی کردووە بەدەم کێشەکەوە بێن، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و دەستگیرکراوە. دەشڵێت، "لە نوسینەکەمدا ناوی هیچ کەس و لایەنێکم نەهێناوە و سوکایەتیم بەکەس نەکردووە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەژار عوسمان مەعروف پسپۆڕی بواری دەرونی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوێنێ دوو پۆلیس بە بەرگی مەدەنییەوە سەردانی کلینیکەکەیان کردووە و داوایان لێکردووە لەگەڵیان بچێت بۆ بنکەی پۆلیسی سەرا، چونکە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
وتیشی، چەند نەخۆشێکی لە ناوچە دوورەکانەوە هاتبوون بۆ
کلینیکەکەی بەمەبەستی چارەسەرکردن، بەڵام ناچار بووە پێیان بڵێت کە ناتوانێت
بیانبینێت و چارەسەریان بۆ بکات.
لەبارەی ئەو کەیسەی لەسەری دەستگیرکراوە، هەژار عوسمان
ئاشکرای کرد، "لە رێکەوتی ٢٣ی ٨ی ٢٠٢٢ بابەتێکم نوسی و لە فەیسبووکی تایبەتی خۆم
بڵاوم کردەوە و دواتر لە رۆژنامەی ئاوێنە و پێگە ئەلیکترۆنییەکان بڵاوکرایەوە، لە
نوسینەکەمدا نیگەرانی خۆمم و ترسی خۆمم دەربڕیبوو لەبارەی ئەو هەواڵەی ماوەی چوار
بۆ پێنج ساڵە لەناو پزیشک و پەرستار و کارمەندانی تەندروستیدا هەیە لەبارەی
فرۆشتنی نەخۆشخانەی فێرکاری سلێمانی". ئاماژەی بەوەدا، لە بانکی خوێنەوە تا
شەقامی قەنات لە نەخۆشخانەی فێرکاری سلێمانی کە چەند دۆنم زەوییە، هەمووی دەڕوخێنرێت
و لە ئێستادا لە پرۆسەی فرۆشتندایە بە کۆمپانیایەک یان چەند کۆمپانیایەکی کەرتی
تایبەت و لە شوێنی نەخۆشخانەکە پرۆژەیەکی بارزگانی دروست دەکرێت.
دەشڵێت، لە جیهاندا واباوە نەخۆشخانەکان لە نزیک
ناوەڕاستی شارەوە دەبێت بەمەبەستی ئەوەی هاوڵاتییان بتوانن بە ئاسانترین شێوە
بگەنە سەنتەری چارەسەر وەرگرتن، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە خاوەنی پرۆژەکە گوایە
نەخۆشخانەیەکی گەورەی مۆدێرن لە هاواری شار دروست دەکات، لەکاتێکدا هەواری شار
دوورە و بەشێک زۆر لە هاوڵاتییان ناتوانن بە ئاسانی بگەنە ئەو نەخۆشخانەیە.
باسی لەوەشکرد، لەسەر بنەمای خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن،
ئەویش پێش ئەوەی بابەتەکە رووبدات نیگەرانییەکانی خۆمی دەربڕیوە.
دەشڵێت، لە نوسینەکەیدا داوای لەسەرۆکی ئەنجومەنی
وەزیران و وەزیری تەندروستی کردووە کە ئەم کێشەیە روونبکەنەوە کە ئایا ئەوەی هەیە
راستە یان نا و لەنوسینەکەیدا ناوی تەندروسی سلێمانی یان هیچ کەسێکی نەهێناوە و
سوکایەتی بەکەس نەکردووە.
وتیشی، بۆ ماوەی ٢٠ کتژمێر لە بنکەی پۆلیسی سەرا
دەستگیرکراوە و دواتر لەلایەن لێکۆڵەری دادوەرییەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، "لێکۆڵەری دادوەر رێگەی پێدام بە
ئازادانە قسەی خۆم بکەم. دواتر وتی ئەتوانی
بە کەفالەت ئازاد بکرێیت".
دەشڵێت، بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە
سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و دەستگیر کراوە.
گۆران لوقمان - سلێمانی