سەردێڕ:

بەرپرسێکی پارتی: فەرەیدون جوانڕۆیی تیرۆر کراوە

PM:12:47:25/08/2022

45564 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی فەرەیدون جوانڕۆیی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و بەرپرسی میحوەری حازری پێشمەرگە، بۆ یەکەم جار پەرپرسێکی پارتی دەڵێت، "فەرەیدوون جوانڕۆی تیرۆرکراوە."


نوری حەمە عەلی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پۆستێکی فەیسبووکدا نووسیویەتی، "حەوت ساڵ پێش ئێستا دەستی رەشی تیرۆر گەیشتە هەڤاڵ و برامان کاک فەرەیدون جوانڕۆیی."

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوای رووداوی گیانلەدەستدانی فەرەیدون جوانڕۆیی پارتی ئەوکات وابڵاویکردەوە کە بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە.

بەوتەی ئازادی کوڕی فەرەیدون جوانڕۆیی وەک سکاڵاکاری دۆسیەکە و ئەوانەی لە دادگای تاوانی سێی هەولێر لەسەر دۆسیەکە وتەیان لێوەرگیراوە، ئەوەخراوەتەڕوو سەرەتا تەقە لە ئۆتۆمبێلی "فەرەیدوون جوانڕۆیی" ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی كراوە و دواتر ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی كێشراوە بە ئۆتۆمبێلەكەیدا.

هاوکات بەپێی ئەو زانیاریانەی دادگا لە سەر کوژرانی "فەرەیدون جوانڕۆیی" بڵاویکردووەتەوە، تا ئێستا شەش کەس دەستگیرکراون، سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە و ئێستا لە زیندانن، بەڵام کەسی حەوتەم کە ناوی "شێروان سابرە" و لە بڕیارەکەی دادگادا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە، هێشتا دەستگیرنەکراوە.

کوڕەکەی "فەرەیدون جوانڕۆیی" بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندبوو، یەکێک لە تۆمەتبارەکانی دۆسیەی باوکی کە سزای لە سێدارەدانی هەیە، هێشتا دەستگیرنەکراوە و لە دەوروبەری هەولێرە.

وتیشی، "ئەوەش زیاتر گومانی لا دروستکردوون کە پارتی زانیاری هەڵەی لەسەر دۆسیەکە بڵاوکردوەتەوە، ئەوکات یەکێک لە پاسەوانەکانی "فەرەیدون جوانڕۆیی" بە کەناڵێکی سەر بە حزبەی راگەیاند کە تەقەیان لێکراوە."

کاتی گیانلەدەستدانی فەرەیدون جوانڕۆیی باس لە وەدەکرا، "فەرەیدون جوانڕۆیی" کێشەی لەگەڵ بەشێک لەسەرکردەکانی ناو پارتی و بەرپرسانی حزبەکە هەبووە.

 

فەرەیدون جوانڕۆیی؛ ساڵی ١٩٥٠ لە جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و ماوەیەک سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی بووە لە سلێمانی و دواین پۆستی ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە بووە، شەوی ٢٥ی ئابی ٢٠١٥ لەسەر رێگای خەبات لە رووداوێکدا گیانی لەدەستدا.

ئەوە لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا چەندین بەرپرسی باڵای پارتی و یەکێتی بە رووداوی ناڕوون گیانیان لەدەستداوە و حزبەکانیشیان دۆسیەکانیان بە روونی باس نەکردووە، یاخود هەندێکیان لەلایەن حزبەکانیانەوە بە شێوەیەکی جیاواز رووداوی گیانلەدەستدانەکانیان گێڕدراوەتەوە.


 













گەلەری