سەردێڕ:

ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لەبارەی رەوانەکردنی گەنم لە ئۆکرانیاوە راگەیاند

PM:08:31:26/07/2022

1692 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بە هەموو جۆرێک پشتیوانی لە رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەکەن کە لەنێوان تورکیا، روسیا، ئۆکرانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆی لەسەر کراوە. دەشڵێت، "دەکرێت بە چالاکترین شێوە دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانی دەریای رەشەوە رەوانە بکرێت".


نێد برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەدا، هێرشکردنە سەر شاری ئۆدێسا لە ئۆکرانیا بە مووشەک لەلایەن روسیاوە لادانە لە پابەندبوونی ئەو وڵاتە بە رێککەوتننامەی دەستپێشخەری رەوانەکردنی دانەوێڵە و خۆراک لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە بەشێوەیەکی پارێزراو.

ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا رێککەوتننامەکە کارپێکراوە و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی جێبەجێکردنی دەکەن.

دەشڵێت، "بە هەموو جۆرێک پشتیوانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانە تورکەکانمان دەکەین، چونکە لە گرنگی گەیاندنی دانەوێڵە بۆ بازاڕەکانی جیهان تێ دەگەین".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوشکرد، لە هەماهەنگی نزیکدان لەگەڵ لایەنە نێوەندگیرەکانی ئۆکرانیا، نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا بۆ ئەوەی رێککەوتننامەکە ئەنجامی هەبێت.

وتیشی. دەکرێت بە چالاکترین شێوە دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانی دەریای رەشەوە رەوانە بکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەنتۆنیۆ گۆیتریس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئەو وڵاتە و شاندی روسیا و ئۆکرانیا رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە کە رێگەی سێ بەندەری ئۆکرانیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان واژۆکرد.

ماڵپەڕی روسیا تودەی بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە پرۆسەی هەناردەکردنی گەنم و دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆدێسا و دوو بەندەری دیکەی دەریای رەشەوە دەبێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی رێککەوتنەکە ماددە خۆراکییەکانی دیکە و پەینی کیمیایی و دانەوێڵەش دەگرێتەوە.

لە دوای رێککەوتنی هەردوو وڵاتی روسیا و ئۆکرانیا لەبارەی هەناردە کردنی گەنم بۆ بازارەکانی جیهان، دوێنێ دووشەممە ئۆکرانیا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە رەوانەکردنی یەکەم کاروانی هەناردەکردنی گەنم لە بەندەری شۆرنۆمۆرسک بۆ بازاڕەکانی جیهان دەستپێدەکات.

روسیا و ئۆکرانیا لە دوو گەورەترین ئەو وڵاتانەی جیهانن کە سەرچاوەیەکی گرنگی جیهانین لە دابینکردنی دانەوێڵە و ماددە خۆراکییەکان، بەهیۆ جەنگی نێوانیانەوە هەناردەکردنی گەنم و دانەوێڵە بۆ بازاڕەکانی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی بەخۆییەوە بینیەوە بەمەش لە جیهاندا نرخی دانەوێڵە و ماددە خۆراکییەکان بەرزبوونەتەوە.













گەلەری