سەردێڕ:

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی سەبارەت بە عێراق

PM:06:40:26/07/2022

9592 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرپرسیاری سەرەکی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە ئەستۆدایە و هاوکاری بەدیهاتنی ئاسایش لە جیهاندا دەکات و کاروباری وڵاتان رێکدەخات.


ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ١٥ ئەندام پێکدێت و هەر ئەندامێکیش یەک دەنگی هەیە لە کاتی بڕیاردان و هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنیان داوە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش قبوڵ بکەن و جێبەجێی بکەن.

هاوکات، ئەنجومەنی ئاسایش دەسەڵاتی تایبەتی هەیە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارانەی کە وڵاتانی ئەندام پابەندن بە جێبەجێکردنی بەپێی پەیڕەوی ئەنجومەنەکە.

لە ئەنجومەنەکەدا پێنج ئەندام هەمیشەیین ئەوانیش چین و روسیا و فەڕەنسا و ئەمریکا و بەریتانیان و وڵاتانی ئیستۆنیا و هیندستان و ئێرلەندا و کینیا و مەکسیک و نەیجیریا و نەرویج و تونس و ڤیتنام و سانت فنسنت ئەندامی ئەو ئەنجومەنەن و بە پێی ماوەیەکی کاتی سەرۆکایەتی ئەو ئەنجومەنە لە نێوان ئەندامەکاندا دەستاودەست دەکات.

رێکارەکی ئەنجومەنی ئاسایش لە کاتی تۆمارکردنی سکاڵا

کاتێک ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵایەکی سەبارەت بە مەترسی لەسەر ئاشتی پێشکەش دەکرێت، ئەنجومەن بەگشتی دەستپێشخەری دەکات بۆ پێشنیارکردن بۆ لایەنەکان بۆ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بە رێگەی ئاشتیانە و ئەنجومەن دەتوانێت بنەماکانی رێککەوتن بۆ ئەو دوو وڵاتە دابنێت کە سکاڵایان تومارکردووە یان لە هەندێک حاڵەتدا ئەنجومەنەکە ئەرکەکانی لێکۆڵینەوە و نێوەندگیری لە ئەستۆ بگریت و تەنانەت وەفدیش بنێرێت بۆ دانوستان داواکارییەک ئاراستەی سکرتێری گشتی ئەنجومەنەکە بکات بۆ بەکارهێنانی پۆستەکەی لە چارەسەری ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتیانە.

کاتێک ململانێیەک دەبێتە هۆی دوژمنایەتی لە نیوان دوو وڵات و سکاڵاکە دەبریتە ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی ئامانجی سەرەکی ئەنجومەنەکە ئەوەیە کە بە زووترین کات کۆتایی بە گرژییەکان بهێنیت و ریکارەکانی وەک دەرکردنی رێنماییەکانی ئاگربەست کە یارمەتیدەرە بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان بگریتە بەر و چاودێرانی سەربازی یان ئاشتیپارێز بۆ یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی گرژییەکان لەو وڵاتانە جیگیر بکات و هێزە دژبەرەکان جیابکاتەوە و کەشێکی ئارام لەو وڵاتانەدا دروستبکات کە تێیدا دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە ئاسانتر بێت.

جگە لەو ریکارانەش ئەنجومەنەکە دەتوانێت بڕیار بدات رێوشوێنی جێبەجێکردن بگرێتەبەر وەک سزای ئابووری و گەمارۆی چەک و سزا و سنووردارکردنی دارایی و قەدەغەکردنی گەشتکردن و بچراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان یان تەنانەت کردەوەی سەربازی بەکۆمەڵ و هەموو هەڵێک دەدەن ئەو بڕیارانەی لەسەر ووڵاتێک دەیدەن کاریگەری لەسەر وڵاتانی دەروروبەری نەبێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و عێراق

لەبارەی عێراقیشەوە، لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە لیژنەیەکی دروستکردووە بە ناوی لیژنەی سزاکانی سەر عێراق کە بەرپرسە لە سزادانی عێراق لە هەر ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش پێکهاتووە و بە کۆدەنگی بڕیارەکانی لەبارەی عێراقەوە دەدات و لە ئێستادا سەرۆکی ئێستای لیژنەکە سڤێن یۆرگێنسنە کە نوینەری کۆماریئیستۆنیایە لە ئەنجومەنی ئاسایش و جێگرەکەی نوێنەری وڵاتی نەرویجە.

لیژنەکەی تایبەت بە عێراق تا ئێستا سێ بڕیاری داوە کە گرنگترینیان بڕیاری پێشوازیکردن لە گۆڕانی شێوازی حکومی عێراق بۆ حکومەتێکی هەڵبژێردراو بە شێوەیەکی دیموکراسی کۆتایی هاتنی داگیرکاری و دامەزراندنی حکومەتێکی کاتی سەربەخۆی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤.

هەر لەو بڕیارەدا هاتووە، گەمارۆی تایبەت بە فرۆشتن یان دابینکردنی چەک و کەرەستەی پەیوەندیدار بە چەکەوە بخرێتە سەر عێراقو بڕیارەکە ئەو چەک و کەلوپەلە جەنگیانە ناگرێتەوە کە پێویستن بۆ حکومەتی عێراق یان هێزی فرەنەتەوەیی بۆ خزمەت و پاراستنی وڵاتەکە بەکاریدەهێنن.

لە ساڵی ٢٠٠٣شدا ئانجومەنەکە بڕیاریدا بە جەختکردنەوە لەسەر مافی گەلی عێراق بۆ دیاریکردنی داهاتووی سیاسیی ئازادانەی خۆی و پێشوازیکردن لە پابەندبوونی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پشتگیریکردن لە دروستکردنی ژینگەیەک کە بتوانێت هاوکار بێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای سەروەری یاسا و دادپەروەری.

عێراق و وردەکاری سکاڵاکەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

حکومەتی عێراق سکاڵای لەسەر وڵاتی تورکیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمارکردووە و تۆمەتباری دەکات بە هێرشەکانی بۆ سەر گوندی پەرەخێ لە سنوری زاخۆ کە تییدا، نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٥ کەسی دیکە برینداربوون، کە زۆرینەیان گەشتیاری عەرەب بوون و بۆ بەسەربردنی کات روویان لەو ناوچەیە کردبوو.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، حکومەتی عێراق سکاڵای پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم و سەروەری عێراق و سكاڵاكه‌ی عێراق له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ٢٢ هه‌زار و ٧٠٠ پێشێلكاریی توركیای له‌ خۆگرتووه‌، له‌ نێویاندا قوربانیانی ئه‌و هێرشەی ٢٠ی ئەم مانگە کرایە سەر ناوچەی گەشتیاری پەرەخێ لە پارێزگای دهۆک‌، هاوكات ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ توركیا مه‌به‌ستی فراوانخوازی له‌ پشت ئه‌م هێرشانه‌وه‌ هه‌یه‌.

عێراق دەڵێت پێوستە لایەنی توركیا داوای لێبوردن لە عێراق و گەلەكەی بكات بۆ ئەو زیانانەی كە كاریگەرییان لەسەر ژێرخانی وڵاتەکە كردووە و پێشبینیشی كردووە کە ئەنجومەنی ئاسایش لە رێگەی راگەیەندراوێکدا ئیدانەی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر سەروەری عێراق بكات.

لەبەرامبەریشدا، تورکیا دەڵێت ئەوان ئەنجامدەری هێرشەکە نین و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پێویستە بەرپرسانی عێراقی بە دیقەتەوە باسی تورکیا بکەن و ناوی بهێنن.

ئازیز کامەران

ل.ل













گەلەری