سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. ئاگرەکەی کالیفۆڕنیا زیاتر لە سێ هەزار کەسی ناچار کردووە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن

AM:08:49:26/07/2022

3444 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی رووبەڕووبوونەوەی کەوتنەوەی ئاگر لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا رایانگەیاند، ئەو ئاگرەی چەند رۆژیکە لە دارستانەکانی ئەو ویلایەتە کەوتووەتەوە بەشێوەیەکی خێرا بڵاودەبێتەوە و رووبەرەکەی فراوانتر دەبێت و زیاتر لە سێ هەزار هاوڵات ناچارکردووە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. دەشڵێت، "زیاتر لە ١ی هێکتار دارستان و پوش و پەڵاش سوتاوە".


ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری دەسەڵاتدارانی رووبەڕووبوونەوەی کەوتنەوەی ئاگر لە ویلایەتی کالیفۆڕنیاوە بڵاویکردەوە، ئەو ئاگرەی لە یەکێک لە دارستانەکانی ئەو ویلایەتە کەوتووەتەوە بەشێوەیەکی خێرا بڵاودەبێتەوە و ئەمەش وایکردووە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتییان دروستکردووە.

جۆن هیگی بەرپرسی تیمی ئاگرکوژێنەوەی ویلایەتی کالیفۆڕنیا ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە ١٦ هەزار و ٧٠٠ هێکتار دارستان و پوش و پەڵاش و حەوت باڵەخانەی گەورە سوتاون.

دەشڵێت، گەورەیی ئاگرەکە وای کردووە رزگارکردنی هاوڵاتییان سنورداربێت و مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروستکردوو.

لەلایەن خۆییەوە، جاڤین نیوسیۆم حاکمی ویلایەتی کالیفۆڕنیا ئاشکرای کرد، بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە سێ هەزار هاوڵاتی ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی هەینی رابردووەوە لە پێدەشتەکانی سییرا نیڤادا لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا ئاگرێک کەوتەوە. تائێستا زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس لە تیمی ئاگرکوژێنەوە و ١٠ هەلیکۆپتەر و ٢٨١ ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژێنەوە و ٤٦ تانکەری ئاو بەشداری لە هەڵمەتی کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەکەن. دەسەڵاتدارانی ئاگر کوژێنەوە دەڵێن، تا ئێستا تەنها ١٠٪ ئاگرەکەیان کۆنتڕۆلکردووە.













گەلەری