ریاڵ مەدرید کار بۆ گواستنەوەی کۆناتێ دەکات

AM:09:00:02/04/2026

180 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ریاڵ مەدرید کار بۆ گواستنەوەی کۆناتێ دەکات و رۆیشتنی دوو بەرگریکاریشی لە هاوینی داهاتوو لە ئارادایە.

یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی بە چڕی کار بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری دەکات و بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، ناوی ئیبراهیما کۆناتێی بەرگریکاری فەڕەنسی و یانەی لیڤەرپوول لە سەرووی لیستی داواکارییەکانی یانە شاهانەدایە.

ئەم هەنگاوەی مێرێنگی لە کاتێکدایە کە رۆیشتنی دەیڤید ئالابا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بەهۆی تەواوبوونی گرێبەستەکەی نزیکەی مسۆگەر بووە و داهاتووی ئەنتۆنیۆ ڕودیگەریش هێشتا نادیارە.

ئەوەی ئەم گرێبەستە بۆ بەرپرسانی مەدرید سەرنجڕاکێش دەکات ئەوەیە کە کۆناتێ تا ئێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ ڕێدز نوێ نەکردووەتەوە و دەتوانێت هاوشێوەی ئالابا و ڕودیگەر بە گرێبەستێکی ئازاد و بەبێ بەرامبەر ڕوو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بکات.

ئیبراهیما کۆناتێ کە تەمەنی 26 ساڵە و باڵای 194 سانتیمەترە وەک یەکێک لە بەرگریکارە بەهێزەکانی خولی ئینگلتەرا دەناسرێت و پێنج وەرزی سەرکەوتووی لەگەڵ لیڤەرپوول بەڕێ کردووە.

چاوەڕوان دەکرێت چەند مانگی داهاتوو و ئاستی ئەم بەرگریکارە لە یارییەکانی مۆندیالدا ببێتە بڕیاردەری کۆتایی بۆ ئەوەی ئایا پەیوەندی بە ریزەکانی ریاڵ مەدریدەوە دەکات یان روو لە یانەیەکی تری گەورەی ئەوروپا دەکات چونکە مانەوەی لە ئەنفیڵد زۆر دوورە.