چیرۆکی ژیانی ئەیمەن حوسێن

PM:02:30:04/04/2026

316 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەیمەن حوسێن لە حەویجەوە بۆ جامی جیهانی و بەدی هێنانی خەونی گەلی عێراق.

ژیانی ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری یەکەمی هەڵبژاردەی عێراق، تەنها گەشتێکی وەرزشی نییە لە نێوان یانەکاندا، بەڵکو گوزارشتە لە ململانێیەکی سەخت لەگەڵ ژیان و برینە قووڵەکانی جەنگ، لە ناو جەرگەی نەهامەتییەکانی عێراق، لەناو خێزانێکدا گەورە بووە کە باجێکی گەورەیان بۆ وڵاتەکەیان داوە.

چیرۆکی ئەیمەن لە حەویجە دەست پێ دەکات، لەوێ تامی تاڵی لەدەستدانی باوک و براکەی کرد کاتێک هەردووکیان لەلایەن رێکخراوە تیرۆستییەکانەوە کوژران.

ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی ئەوەی ئەیمەن و خێزانەکەی هەموو ماڵ و موڵکیان جێبهێڵن و وەک ئاوارە ڕوو لە شاری کەرکووک بکەن، لەوێ ئەیمەن تەنها تۆپی پێی شک دەبرد وەک کەرەستەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەمەکانی، بۆیە بە هەوڵێکی بێوچان توانی لە یانەکانی کەرکووکەوە خۆی بگەیەنێتە یانە گەورەکانی بەغداد و دواتریش خولەکانی دەرەوەی وڵات.

پاشان ئەیمەن توانی سەرکردایەتی عێراق بکات لە گەیشتن بە جامی جیهانی و گۆڵی سەرکەوتن لە تۆڕی بۆلیڤیا تۆماربکات و پاش زیاتر لە 40 ساڵ خەونی 40 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی بەدی بهێنیت.

لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو راستییەی ئەیمەن حوسێن سەلماندی کە سەرکەوتن لەناو خۆڵەمێشی شکست و ئازارەکانەوە لەدایک دەبێت، ئەو ئێستا نەک تەنها گۆڵکارێکی دیاری تۆپی پێ نیە، بەڵکو سیمبولی وەفایە بۆ خێزانەکەی، بە جۆرێک کە هەمیشە دایکی بە کلیلی سەرکەوتنەکانی دەزانێت، چیرۆکی ئەو پەیامێکە بۆ هەموو گەنجان کە هیچ بەربەستێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی ناتوانێت ڕێگری لە گەیشتن بە خەونەکان بکات ئەگەر ئیرادەیەکی پۆڵایینی لە پشت بێت.