AM:01:10:01/04/2026
264 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لە پاڵاوتنی مۆندیال بۆسنە ئیتاڵیای تووشی شۆک کرد و بلیتی مۆندیالی 2026 بڕی و سوید و تورکیا و چیکیش گەیشتنە پاڵەوانێتییەکە.
لە یارییە کۆتاییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026، بۆسنە و هەرزەگۆڤینا میوانداری ئیتاڵیای کرد.
تایمی یەکەم، بە باڵادەستی ئیتاڵیا دەستی پێکرد و مۆیس کین لە خولەکی 15دا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئازۆری تۆمارکرد، لە خولەکی 41یش باستۆنی لە ریزەکانیان بە کارتی سور کرایە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تایمە بەو تاکە گۆڵە کۆتایی پێهات.
لە تایمی دووەمدا، بۆسنە گەڕایەوە و فشارێکی زۆری دروست کرد و پاش چەندین هێرشی یەک لەدوای یەک دواجار لە خولەکی 79دا تاباکۆڤیچ گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و کاتی یاسایی بەیەکسانبوون کۆتایی پێهات.
پاشان یارییەکە چووە کاتە زیادکراوەکان و سەرەڕای کۆنتڕۆڵی تەواوی بۆسنە، ئەنجامەکە گۆڕانکاری بەسەردا نەهات تا پەنا بردرایە بەر لێدانە یەکلاکەرەوەکان و تێیدا بۆسنە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردییەوە و بلیتی مۆندیالی مسۆگەر کرد.
لە یارییەکانی تری هەمان قۆناغدا، چیک توانی لە دانیمارک بباتەوە، تورکیاش بە گۆڵێکی بێوەڵام شکستی بە کۆسۆڤۆ هێنا، لە یارییەکی پڕ گۆڵ و دراماتیکیشدا، سوید توانی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە پۆڵەندا بباتەوە و سەرەنجامیش براوەکان گەیشتنە مۆندیالی 2026