یاری دۆستانە... ئەرجەنتین گۆڵبارانی زامبیای کرد و پورتوگالیش لە ئەمریکای بردەوە

AM:05:04:01/04/2026

204 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە یارییەکی دۆستانەدا ئەرجەنتین بە پێنج گۆڵی بێوەڵام شکستی بە زامبیا هێنا و پۆرتوگالیش لە ئەمریکای بردەوە.

لە یارییەکی دۆستانەی نێودەوڵەتیدا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە خاکی خۆیدا میوانداری هەڵبژاردەی زامبیای کرد. 

تایمی یەکەم، بە هێرشبەریی ئەرجەنتین دەستی پێکرد و هەر زوو لە خولەکی چواردا ئەلڤارێز گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 43 لیۆنێل مێسی گۆڵی دووەمی بۆ تانگۆ زیاد کرد و ئەو تایمە بە دوو گۆڵی بێوەڵام کۆتایی هات. 
لە تایمی دووەمدا، ئەرجەنتین لەسەر هەمان سیناریۆ بەردەوام بوو؛ ئۆتامێندی لە خولەکی 50دا بە لێدانی سزا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، پاشان چاندا بە هەڵە لە خۆیان گۆڵی چوارەمی بۆ ئەرجەنتین تۆمارکرد، دواجاریش بارکۆ لە خولەکی چواری کاتی زیادکراو کۆتایی بە کەرنەڤاڵی گۆڵەکان هێنا.
سەرەنجام یارییەکە بە ئەنجامی پێنج گۆڵی بێوەڵام بە بردنەوەی ئەرجەنتین کۆتایی پێهات و مێسی لە کۆتا یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکەی و لە نێو خاکی خۆیاندا بە شکۆوە ماڵئاوایی لە هاندەران کرد.
لە یارییەکی دۆستانەی تریشدا، پۆرتوگال بە دوو گۆڵی بێوەڵام شکستی بە ئەمریکا هێنا، ترینکاو و جواو فێلکیس گۆڵەکانیان تۆمارکرد.