یانەیەک پێنج یاریزان دەکاتە قوربانی لەپێناو لیڤاندۆڤسکی

PM:02:09:30/03/2026

212 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یۆڤانتۆس دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی بکات و پێنج یاریزانیش دەبنە قوربانی ئەم گرێبەستە.

یانەی یوڤانتوسی ئیتاڵی پلانێکی فراوانی داناوە بۆ گواستنەوەی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پۆڵەندی و یانەی بەرشەلۆنە، لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا.

بەو پێیەی گرێبەستەکەی لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بەرەو کۆتایی دەچێت، ئەو یاریزانە ئێستا دەتوانێت بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر ڕوو لە هەر یانەیەک بکات کە بیەوێت.

ڕۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت ئاماژەی بەوە کردووە کە نێردراوەکانی یانە ئیتاڵییەکە پێنجشەممەی رابردوو لە وارشۆ ئامادەبوون بۆ چاودێریکردنی ئاستی ئەو هێرشبەرە لە یاری نێوان پۆڵەندا و ئەلبانیا.

لە لایەکی ترەوە، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرای کردووە کە یوڤانتوس بۆ دابینکردنی شوێن و تێچووی ئەم گرێبەستە، بە نیازە دەستبەرداری چوار یاریزان کە ئەوانیش، جۆناسان دەیڤید، ئێدۆن زێگرۆڤا، ئارکادیۆش میلیک، و لویس ئۆپێندا ببێت، جگە لە فرۆشتنی نیکۆ گۆنزالێس دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی لە ئەتلەتیکۆ مەدرید.

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، لیڤاندۆڤسکی لە کەمپی هەڵبژاردەکەی رایگەیاندووە کە هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بە داهاتووی نەداوە و کاتی تەواو بە خۆی دەدات بۆ هەڵسەنگاندنی باشترین بژاردە بۆ کاروانە وەرزشییەکەی.