بەرشەلۆنە دەیەوێت گرێبەستی لیڤاندۆڤسکی نوێبکاتەوە بەڵام بە مەرج

PM:02:39:22/03/2026

240 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە دەیەوێت گرێبەستی لیڤاندۆڤسکی نوێبکاتەوە و سوود لە ئەزموونی یاریزانەکە وەربگرێت بۆ لاوەکان.

داهاتووی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بووەتە جێی باسی میدیاکان و هەرچەندە کارگێڕی یانەکە دەیەوێت هێرشبەرێکی لاوی وەک جولیان ئەلڤارێزی ئەستێرەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بۆ شوێنگرتنەوەی بهێنێت بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رادیۆ کادینا سێر ئەگەری درێژکردنەوەی گرێبەستی ئەم هێرشبەرە پۆڵەندییە بۆ وەرزێکی تریش لە ئارادایە بە مەرجێک بەشێکی زۆری مووچەکەی کەم بکاتەوە.

یانەکە دەیەوێت لیڤاندۆڤسکی ڕۆڵێکی نوێ ببینێت کە ئەویش قبوڵکردنی کورسی یەدەگ و بەشداریکردنە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە یارییەکاندا تاوەکو لە ڕێگەی ئەزموونە گەورەکەیەوە هاوکاری هێرشبەرە نوێیەکان بکات بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پێکهاتەی بەرشەلۆنە.

رۆژنامەنووسی پۆڵەندی تۆماس فلۆدارچیک لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشبینی دەکرێت لە مانگی نیساندا بڕیاری کۆتایی لەسەر مانەوەی ئەم یاریزانە بدرێت چونکە هەم لیڤاندۆڤسکی و هەم خوان لاپۆرتا و دیکۆ ئارەزووی ئەو مانەوەیە دەکەن و پارەش لای یاریزانەکە بابەتی سەرەکی نییە.

بەپێی قسەکانی ئەو رۆژنامەنووسە، لیڤاندۆڤسکی و خێزانەکەی لە ئیسپانیا زۆر هەست بە ئارامی دەکەن و منداڵەکانی لەوێ دەستیان بە خوێندن کردووە بۆیە بژاردەی چوونی بۆ خولی سعوودی زۆر دوورە چونکە گواستنەوە بۆ دەرەوەی ئیسپانیا پێویستی بە ڕێکار و گۆڕانکارییەکی زۆری ژیان هەیە.