چامپیۆنز لیگ... ریاڵ مەدرید لە مان سیتی بردەوە و گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی و پاریس و ئارسناڵیش براوەبوون

AM:01:13:18/03/2026

392 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە چامپیۆنز لیگ ریاڵ مەدرید جارێکی تر لە مان سیتی بردەوە و گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی و پاریس و ئارسناڵیش براوەبوون.

لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی چامپیۆنز لیگ، مانچستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحاد میوانداری ریاڵ مەدریدی کرد.

تایمی یەکەم، سیتی بە بەهێزی دەستیپێکرد بەڵام یارییەکە وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی کاتێک لە خولەکی 20دا، ناوبژیوان بێرناردۆ سیلڤای بە کارتی سوور لە یاریگا کردە دەرەوە و لێدانێکی سزای هەژمارکرد کە  ڤینیسیۆس جۆنیۆر گۆڵی یەکەمی پێ تۆمارکرد.
لە تایمی دووەمدا، مانچستەر سیتی هەوڵی زۆری دا بۆ گەڕانەوە، بەڵام بەرگری تۆکمەی ڕیاڵ ڕێگر بوو، لە کاتێکدا یارییەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، دووبارە ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە خولەکی سێیەمی کاتی زیادکراودا گۆڵی دووەمی خۆی و تیپی میوان تۆمارکرد.
 بەم ئەنجامە ریاڵ مەدرید بە فەرمی گەیشتە قۆناغی داهاتوو، چونکە یاریی پێشووشی بە سێ گۆڵی بێوەڵام بردبووەوە.
هەر لە چوارچێوەی یارییەکانی ئەم قۆناغەدا، یانەی پاریس سان جێرمان توانی بە سێ گۆڵی بێوەڵام سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بە شایستەیی بگاتە قۆناغی چارەکی کۆتایی. 
لە لایەکی ترەوە، ئارسناڵ ئاستێکی بەرزی نیشاندا و بە دوو گۆڵی بێوەڵام شکستی بە لیڤەرکوزن هێنا و بلیتی قۆناغی داهاتووی بڕی. 
گەورەترین سوپرایزیش لەلایەن سپۆرتینگ لیشبۆنەوە بوو کە ریمۆنتادایەکی مێژوویی تۆمارکرد و پاش ئەوەی لە یاریی پێشوودا بە سێ گۆڵ دۆڕابوو، ئەمجارە بە پێنج گۆڵی بێوەڵام لە بودۆ گلیمت ی بردەوە و گەیشتە قۆناغی داهاتوو.