ڤینیسیۆس پاش یارییەکەی مۆناکۆ چی وت؟

AM:11:41:21/01/2026

224 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڤینیسیۆس دوپاتیکردەوە دەیەوێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە ریاڵ مەدرید بمێنێتەوە و دەستوەردانی لە دەرکردنی ئەڵۆنسۆش رەتکردەوە.

ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی ریاڵ مەدرید، دوای درەوشانەوەی بەرامبەر مۆناکۆ، بە راشکاوی باسی لە فشارەکان و داهاتووی خۆی کرد و رایگەیاند، یاریکردنی بەکۆمەڵ کلیلە بۆ دەرکەوتنی باشترین ئاستی ئەو، چونکە کاتێک تۆپ بە باشی دەجووڵێت ئەو زیاتر دەتوانێت بەشداریی یارییەکە بکات.

ڤینی پەردەی لەسەر هەستە مرۆییەکانی لادا و وتی: یاریکردن بۆ گەورەترین یانەی جیهان قورسە و منیش مرۆڤم؛ لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی فیکەی ناڕەزایەتی هاندەران و ئەو قسانەی لەسەر من و هاوڕێکانم دەکرا، زۆر ئازارم چەشت و لە ماڵەکەی خۆمدا کە بێرنابیۆیە هەستم بە ئارامی نەدەکرد.

وتیشی: نامەوێت بەهۆی کێشەکانی دەرەوەی یاریگا لەسەر زاران بم، بەڵکو دەمەوێت بەهۆی ئەو کارانەی بۆ یانەکەم دەیکەم جێگەی بایەخ بم، هەروەها ڤینی هەر جۆرە دەستوەردانێکی لە رۆیشتنی راهێنەری پێشوو رەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە هەمیشە هەموو توانای خۆی بۆ ئەو درێسە بەخشیوە.

سەبارەت بە داهاتوو و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، ڤینی پەیامێکی دڵنیایی دا و باسی لەوەکرد، ساڵێکی تر لە گرێبەستەکەی ماوە و متمانەیەکی دوولایەنە لە نێوان ئەو و سەرۆکی یانەدا هەیە و هیچ پەلەیەکیان نییە، چونکە دەیەوێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە مەدرید بمێنێتەوە و بە شادییەوە گۆڵ تۆمار بکات و نازناو بەدەستبهێنێت.