ناگلیسمان ئامادەیە راهێنەرایەتی مان یونایتد وەربگرێت

PM:05:58:04/03/2026

152 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ناگلیسمان ئامادەیە راهێنەرایەتی مان یونایتد وەربگرێت و بەرپرسانی ئەو یانەیەش خوێندنەوە بۆ ئەو بابەتە دەکەن.

پێگەی تیم تۆڵکی بەڕیتانی لە هەواڵێکی چاوەڕوان نەکراودا ئاشکرایکرد کە جولیان ناگلیسمانی ئەڵمانی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە راهێنەرایەتی مانچستەر یونایتد وەربگرێت.

ئەو پێگەیە دوپاتیکردووەتەوە، راهێنەرەکەی ئێستای هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە رێگەی بەڕێوەبەری کارەکانیەوە خۆی پێشکەشی شەیتانە سوورەکان کردووە تا بیکەنە راهێنەر لە وەرزی داهاتوودا.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا ناوی ئەو ناگلیسمان لەسەر مێزی گفتوگۆی کارگێڕی یانە ئینگلیزیەکەدایە و ئەگەری هەیە لە وەرزی داهاتوودا ئەو ئەرکەی  بسپێرن.

دەشڵێت، تەنانەت ئەو راهێنەرە بەڵێنیداوە کە لە دوای مۆندیالی 2026 واز لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بهێنێت لەپێناو ئەوەی گرێبەست لەگەڵ مانچستەر یونایتد ئیمزابکات.

تیم تۆڵک نوسیویەتی، لەم ساتەدا بەرپرسانی مان یونایتد پەلە ناکەن لە بابەتی یەکلاکردنەوەی راهێنەرایەتی یانەکەیان، تا ئێستاش بڕیاریان نەداوە گرێبەستی مایکل کاریک نوێدەکەنەوە یان نا.
خ . ک