رۆدریگۆ ماڵئاوایی لە وەرز و مۆندیال دەکات

PM:08:00:03/03/2026

280 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رۆدریگۆ ماڵئاوایی لە وەرز و مۆندیال دەکات و نه‌هامه‌تییه‌كانی ریاڵ مه‌درید قووڵتر دەبنەوە.

یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە راگەیەندراوێکی پزیشکیی فەرمیدا، سەبارەت بە دۆخی پێکانەکەی رۆدریگۆ باسی لەوەکردووە، پشکنینە وردەکان دەریانخستووە کە یاریزانەکە تووشی پچڕانی بەستەرەی ئەژنۆی راستی بووە، جگە لەوەش زیان بە کڕکڕاگەی هەمان ئەژنۆی گەیشتووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە وەرزی ئەمساڵ بۆ ئەستێرە بەڕازیلییەکە بە تەواوی کۆتایی هاتووە.

بەپێی رۆژنامەی مارکاش، ئەم پێکانە قورسە وادەکات یاریزانەکە بۆ ماوەی بۆ 10 مانگ لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە نەک هەر وەرزی ئەمساڵی لەگەڵ ریاڵ مەدرید کۆتایی هات، بەڵکو خەونی بەشداریکردن لە کۆتاییەکانی مۆندیالیشی لەدەستدا.

رۆدریگۆ لە یارییەکەی بەرامبەر خیتافی تووشی ئەم پێکانە بوو کاتێک لە کاتی ململانێیەکدا لەسەر هێڵی لایەنی یاریگا ئەژنۆی سووڕا، هەرچەندە تا کۆتایی یارییەکە مایەوە، بەڵام ئازارێکی زۆری پێوە دیار بوو.

لە ئێستادا ریاڵ مەدرید رووبەڕووی قەیرانێکی راستەقینە دەبێتەوە لە هێڵی هێرشبەریدا پێش یارییەکەی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ؛ چونکە جگە لە رۆدریگۆ، کیلیان مباپێش هێشتا پێکانی هەیە، فرانکۆ ماستانتۆنۆش بەهۆی کارتی سوورەوە راگیراوە، و تەنها ڤینیسیۆس جۆنیۆر و گۆنزاڵۆ وەک بژاردەی هێرشبەر لەبەردەستدا ماون.