نەسڕ پێکانی رۆناڵدۆی راگەیاند

PM:10:20:03/03/2026

232 جار خوێندراوەتەوە

+ -

نەسڕ پێکانی رۆناڵدۆی راگەیاند و خیسۆسیش دەیەوێت پشووی پێدات و یاریزانەکەش لە ئیسپانیا چارەسەر وەربگرێت.

یانەی نەسڕ بە فەرمی پێکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی راگەیاند بەبێ ئەوەی ماوەی دوورکەوتنەوەی ئاشکرابکات، خۆرخێ خیسۆسی راهێنەری یانەکەش خەریکی تاوتوێکردنی بڕیارێکە بۆ دوورخستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرە و کاپتنی تیپەکە، لە یاری داهاتووی یانەکەی بەرامبەر یانەی نیوم، ئەمەش بە مەبەستی پێدانی پشووی پێویست بەو یاریزانە.

بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی رۆژنامەی ریازییە، رۆناڵدۆ پاشنیوەڕۆی سێشەممە لە ژووری چارەسەری سروشتیی یانەکەدا بووە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، و بڕیاریشە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرەو شاری مەدریدی ئیسپانیا گەشت بکات، تاوەکو پێکانەکەی نیشانی پزیشکێکی پسپۆڕ بدات.

ئەم هەنگاوەی ڕۆناڵدۆ دوای ئەوە دێت کە ناوبراو لە یاری ڕابردوو بەرامبەر فەیحا تووشی ماندوێتییەکی زۆر لە ماسولکەی پشتەوەی قاچی بوو، بەو هۆیەشەوە راهێنەر ناچار بوو لە کۆتایی یارییەکەدا گۆڕانکاری پێ بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر دەنگۆی رۆیشتنی کریستیانۆ لە سعودیە بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکرایەوە بەڵام فابریزۆ رۆمانۆ ئەو هەوڵانەی بە ناراست وەسفکرد، لە ئێستاشدا ئەگەری هەیە یاریزانەکە بەهۆی پێکانەوە سعودیە بەجێبهێڵێت.