هەولێر گرێبەستێکی خەیاڵی پێشکەش بە عەلی جاسم کردووە

AM:11:48:15/01/2026

280 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەولێر گرێبەستێکی بەبڕی یەک ملیار دینار پێشکەش بە عەلی جاسم کردووە و دەیەوێت بیکات گرانترین گرێبەستی ناوخۆی عێراق.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی ماڵپەڕی 365 سۆکەرس، یانەی هەولێر لە نێوەندە وەرزشییەکانی عێراقدا سوپرایزێکی گەورەی تەقاندەوە و بە فەرمی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەی گەنج عەلی جاسم دەستپێکردووە، کارگێڕی یانەی هەولێر بۆ ئەم مەبەستە گرێبەستێکی دارایی خەیاڵی پێشکەشی یاریزانەکە کردووە کە بڕەکەی دەگاتە یەک ملیار دیناری عێراقی، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ قایلکردنی یاریزانەکە تاوەکو درێسی زەردی قەڵا و منارە بپۆشێت.

ئەم جوڵە چاوەڕواننەکراوەی یانەی هەولێر هاوکێشەکانی بازاڕی گواستنەوەی تێکداوە؛ چونکە ئەم بڕە پارە زەبەلاحە تەنها بەهایەکی دارایی نییە، بەڵکو پەیامێکی ڕوونی یانەکەیە بۆ هەمووان کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی زێڕین و کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوەکان بکەن.

کارگێڕی یانەی هەولێر درک بەوە دەکات کە وەبەرهێنان لە بەهرەمەندێکی وەک عەلی جاسم، تیپەکە لە رووی هونەرییەوە دەباتە ئاستێکی بەرزتر و ڕێگەی کێبڕکێیان بۆ خۆش دەکات، هەر بۆیە سڵیان نەکردووەتەوە لە تەرخانکردنی ئەم بودجە گەورەیە بۆ ئەوەی ڕێگە لە یانە ڕکابەرەکانی تری بەغدا و دەرەوەی بەغدا بگرن.

لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی عەلی جاسم و بەڕێوەبەری کارەکانیدایە؛ هەرچەندە بڕە پارەکە زۆر سەرنجڕاکێشە، بەڵام بڕیاری کۆتایی تەنها لایەنی دارایی نییە، بەڵکو پەیوەستە بەوەی تا چەند یاریزانەکە بە پڕۆژە وەرزشییەکەی هەولێر قایل دەبێت.

چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چارەنووسی ئەم گرێبەستە یەکلایی ببێتەوە، کە ئەگەر سەربگرێت دەبێتە گرانبەهاترین گرێبەستی ناوخۆیی و نەخشەی هێز لە خولی عێراقدا دەگۆڕێت.