PM:02:22:08/06/2025
632 جار خوێندراوەتەوە
+
-
یامال شایەنی ئەوەیە ناوی لە
لیستی بەربژێرانی باڵۆن دۆردا هەبێت، بەڵام خەڵاتەکە شایەنی یاریزانێکە کە نازناوی
چامپیۆنز لیگی بەدەستهێنابێت، نەک جام و خولی وڵاتەکەی.
ئەمە قسەی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە
کە لە نوێترین چاوپێکەوتندا دەربارەی باڵۆن دۆر کردی، سەرەڕای ئەمەش وتی: باڵۆن
دۆر و خەڵاتە تاکە کەسییەکان متمانەی خۆیان لەدەستداوە و من دەزانم لەپشت پەردەوە
چی دەگوزەرێت.
ئەم قسانەی رۆناڵدۆ واتای
ئەوەیە، خەڵاتی باڵۆن دۆر و زە بێست و خەڵاتە تاکە کەسییەکانی دیکەش بە
دادپەروەرانە دابەش ناکرێن، بە کوردی و بە کورتی، ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە
دابەشکردنی خەڵاتەکە، بە ئارەزووی خۆیان تەخشان و پەخشانی دەکەن.
ئەم قسانەی رۆناڵدۆ کاردانەوەی
زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کار گەیشتە ئەوەی فرانک رێبێری فەرەنسی، یاریزانی پێشووی
بایرن بە گاڵتەوە لە ستۆری ئینیستاگرام بنوسێت کەواتە پێویستت بە بردنەوەی
چامپیۆنز لیگە بۆ ئەوەی باڵۆن دۆر بەدەست بهێنیت.
ستۆریەکەی رێبێری وەک توانجێک بۆ
قسەکەی رۆناڵدۆ لێکدەدرێتەوە، چونکە ساڵی 2013 یاریزانە فەرەنسیەکە چامپیۆنز لیگ و
جام و خول و سوپەری ئەڵمانیای بەدەستهێنا، بەڵام تۆپی ئاڵتونی درا بە کریستیانۆ لە
کاتێکدا هیچ نازناوێکی بۆ ریاڵ مەدرید نەبردەوە جگە لە سوپەری ئیسپانیا.
ساڵی 2013 رۆناڵدۆ توانی 66 گۆڵ
تۆمار بکات، لە بەرامبەردا رێبێری بە تۆمارکردنی 34 گۆڵ یاریزانێکی کاریگەری بایرن
بوو کە سەرجەم نازناوە گرنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام لە ریزبەندی باڵۆن دۆردا لە
پلەی سێیەم و لەدوای رۆناڵدۆ و مێسییەوە بوو.
قسە و باسی سۆشیاڵ میدیا و
کاردانەوەکانی میدیا جیهانییەکان لەسەر ئەوەیە، ئایا کریستیانۆ رۆناڵدۆ شتێک
دەزانێت کە بینەری ئاسایی تۆپی پێ نایزانێت، یان دەیەوێت بەو قسانە لە بەهای
خەڵاتەکانی لیۆنێل مێسی کەمبکاتەوە کە بە رێژەیەکی بەرچاو لە پێشیەوەیەتی؟