کۆنسێساو: فاینۆرد لە ئێمە باشتر بوون

AM:10:30:13/02/2025

216 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کۆنسێساو دانیبوەدانا فاینۆرد لەوان باشتر بوون و رەتیشیکردەوە بە کەم سەیری یانە هۆڵەندییەکەی کردبێت.

پاش شکستهێنانیان بەرامبەر فاینۆرد لە قۆناغی پلەی ئۆفی چامپیۆنز لیگ، کۆنسێساوی راهێنەری میلان رایگەیاند، هێشتا 90 خولەکی یاریکردن ماوە و دەبێت هەوڵی سەرکەوتن بدەن، لە یارییەکەشدا یانە هۆڵەندییەکە سەختی بۆ درووست کردن و لە هێرشبردندا لە تیپەکەی ئەو باشتر بوون.

سەبارەت بەوەی ئایا هەر بە چوار هێرشبەرەوە یاری دەکات وتی: ئێستا پێویستە ئەم یارییە شی بکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین لە کوێدا پێویستە پێشبکەوین، ئێمە کاتێکی زۆرمان نییە و دەبێت ڕۆژی شەممە بەرامبەر ڤێرۆنا یاری بکەین و دواتر یاری گەڕانەوە بەرامبەر فاینۆرد ئەنجامبدەین.

وتیشی: بە دڵنیاییەوە، لە ڕووی سۆزدارییەوە، هەمیشە پاڵنەرێکی زۆرم هەیە بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێک بە باشترین شێوە نمایش بکەم، بەڕای من کوالیتی یاریزان تەنها بابەتێکی تەکنیکی نییە، تایبەتمەندی زۆر گرنگی تریش هەیە وەک یەکدەنگی یان عەقڵیەتی درووست بۆ شیکردنەوەی یاریزانێک.

باسی لەوەکرد، لە چامپیۆنز لیگ هەمیشە دەبێت ئاستیان باش بێت و هیچ یارییەک ئاسان نییە، بە بچووکیش سەیری یانەی فاینۆردی نەکردووە و وەک یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە روبەڕوویان بوەتەوە.