پاش هێرشە چەکدارییەکەی ئەمڕۆی سەر سوپای عێراق کە قوربانییەکی زۆری گیانی لێکەوتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "تاوانەکەی دیالە بێ سزادانێکی یەکلاکەرەوە هەروا بە ئاسانی تێناپەڕێت".
ئەمڕۆ هەینی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکیدا رایگەیاند، "ئەو تاوانە چەکدارییەی بەرامبەر رۆڵەکانمان لە سوپای عێراق لە پارێزگای دیالە ئەنجامدرا، بێ سزادانێکی یەکلاکەرەوە بە ئاسانی تیناپەڕێت".
ئاماژەی بەوەشدا، "هێزەکانمان بەشێوەیەک وەڵامی
بکوژان دەدەنەوە دەنگ بداتەوە".
لەبەشێکی دیکەی تویتەکەیدا، مستەفا کازمی ئەوەشی خستووەتەڕوو،
هێزە چەکدارەکان پێویستە لەسەریان رێگە نەدەن جارێکی دیکە ئەم رووداوە دووبارە بێتەوە
و لەهەموو شوێنێک بەدوایاندا بگەڕێن لە پێناو عێراق و عێراقییەکاندا و رێگەنەدەن
جارێکی دیکە ئەو گروپانە دزە بکەنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ژمارەیەک چەکداری
داعش هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی سوپای عێراق لە قەزای خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالە
و بەهۆیەوە ١١ سەربازی سوپای عێراق کوژران و نزیکەی ١٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
هەرچەندە لەساڵى ٢٠١٧ حکومەتى عێراق کۆتاییهاتنى داعشى
راگەیاند، بەڵام ناو بە ناو چەکدارانى سەر بەو گروپە هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان
و هاوڵاتیان، لە ماوەی رابردووشدا هێرشەکانیان زیاتر کردووە.