سەردێڕ:

ئەوە عەرز و ئەوە گەز!

PM:11:53:21/01/2025
304 جار خوێندراوەتەوە
چاوەڕێ بیلال عەوڵا
+ -

سێ چوار مانگێک پێش ئێستا و لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، سەرۆکەکەی یەکێتی شار بە شار دەگەڕا و بانگەشەی بۆ حزبەکەی دەکرد، ئەوەی لە هەموو بانگەشەکاندا زۆر دووبارەی دەکردەوە و پێداگریی لەسەر دەکرد و بە کوردییەکی مێشکی ئەم عالەمەی پێ خستبووە خوارەوە ئەم قسانە بوون، "دەیڕوخێنم! دەتوەستێنم! لۆ مارێ!"، تەبعەن لەگەڵ کێی بوو؟ پارتی و خودی مەسرور بارزانی، خۆی وتەنی، جەنابی مدیر عام!!

ئەوە سێ مانگە هەڵبژاردن تەواو بووە، بەپێی نەتیجەی هەڵبژاردن، نە یەکێتی و نە هیچ حزبێکی دیکە نەیانتوانی ژمارەی کورسییەکانیان لە پارتی زیاتر بێت و پارتی 39 کورسی بەدەستهێناوە، لەولاشەوە 3 کورسی کۆتاکانی لەگەڵە ئەمە 42 کورسی، واتە بە کورتی و بە کوردی، پارتی ئەو توانایەی نەماوە بەتەنیا نیوە زائید یەکی کورسییەکانی پەرلەمان ببات(هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشوو بە کورسییەکانی خۆی و 11 کورسی کۆتاکانەوە نیوە زائید یەکی هەبووە)، بە واتایەکی دیکە، پارتی ئێستا ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی هەرچییەکی ویست بیکات و مەجبووری کورسی لایەنەکانی دیکە بووەتەوە، کە ئەوانیش یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ و هەڵوێست و حزبەکانی دیکەن، کە ئەم بەرەیە بە هەموویان 58 کورسیان هەیە، واتە هەر چییەکیان بوێت دەتوانن بەو کورسییانەیانەوە لە پەرلەمان بیکەن، هەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بیگرە، تا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتیش!

ئەوە سبەینێ دانیشتنی پەرلەمانە! سەرۆکایەتیی کاتیی پەرلەمان لای پارتی نییە و لای نەوەی نوێیە، نەوەی نوێش دەڵێت هەر کاندیدێک هەبێت و پارتی نەبێت، بە هەر 15 پەرلەمانتارەکایانەوە دەنگی پێ دەدەن. ئێ، ئەمە 15 کورسی حازرە، بزانین سبەینێ جەنابی بافڵ تاڵەبانی چۆن پێش هەڵبژاردن دەنگی دلێر بوو و دەیوت پارتی و مەسرور بارزانی دەڕوخێنم! بزانین بەیانی دەچێتە بەرەکەی بەرامبەر پارتی و هەر بەڕاست کۆتایی بەوە دەهێنێت کە پارتی ببێتەوە بە سەرۆکی حکومەت؟ تەبعەن بۆ زانیاریتان ئەم ئیشە ئەگەر سەربگرێت یاساییە و هیچ کێشەیەکی دەستووریی نییە و دادگای باڵای فیدراڵیش رێگەی پێ داوە، چونکە شەرت نییە هەر حزبێک براوەی هەڵبژاردن بێت هەر ئەو حزبە سەرۆکایەتیی حکومەت وەربگرێت.

کورد وتەنی ئەوە عەرز و ئەوە گەز، فەرموو جەنابی بافڵ تاڵەبانی ئەوە سبەینێ تۆپەکە لە ساحەی جەنابتایە، بزانین پارتی دەڕوخێنیت و سەرۆکایەتی حکومەتیش لە مەسرور بارزانی وەردەگریتەوە، یان قبووڵتە جارێکی دیکە ببیتەوە بە پاشکۆی پارتی و جەنابی قوباد تاڵەبانیی براشت ئەنێریتەوە بۆ هەولێر و دەیکەیتەوە بە جێگر و "جانتا هەڵگر"ی مەسرور بارزانی، خۆ ئەگەر ئەمەی دووەمیان بێت، نیشانەیەکی گەورەی پرسیار دێتە سەر خۆت و حزبەکەت، چونکە دەنگدەرانی حزبەکەت چاوەڕوانن جەنابتان بەڵێنە گەورە گەورەکانی کاتی هەڵبژاردنیان بۆ جێبەجێ بکەن کە یەکێک لەو بەڵێنانەش رووخاندنی پارتی و مەسرور بارزانی بوو، ئەوکات دەنگدەرانی حزبەکەت مافی خۆیانە هەر کارێکی خراپ هەیە بە خۆت و حزبەکەتی بکەن، کورد وتەنی با بە دەواری شڕی نەکردبێت، چونکە قبوڵتان کردووە ببنەوە جێگر و پاشکۆی پارتی.

گەلەری